رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى دەنگ بڕیاریدا هەر پەرلەمانتارێک بێ مۆڵەتى فەرمى، رۆژێک ئامادە نەبێت، یەک ملیۆن دینار لە مووچەکەى ببڕدرێت.
یەکى شوباتى 2024، سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق بڕیارێکى خستە دەنگدانەوە بۆ ئەوەى هەر پەرلەمانتارێک بێ مۆڵەت رۆژێک ئامادەى دانیشتنەکان یان کۆبوونەوەی لیژنەکان نەبێت، یەک ملیۆن دینار لە مووچەکەى ببڕدرێت.
کوردۆ عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارەکە دواى گلەیی بەشێک لە پەرلەمانتاران هات کە ئاماژەیان بەوە کردبوو، هەندێک لە پەرلەمانتاران ئامادەى کۆبوونەکان نابن یان دوادەکەون و ئەوەش کێشەى بۆ نیسابی یاسایی کۆبوونەوەکان دروست دەکات.
بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەمانى عێراق، دەبێت نیوە کۆیەکى ئەندامانى پەرلەمان ئامادەى هەر دانیشتنێکى ئاسایی بن کە 165 ئەندامە لەکۆى 329 ئەندامەکەى پەرلەمان.
کۆردۆ عومەر رایگەیاند، بڕیارەکە بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران پەسند کرا، بەڵام هەندێک پەرلەمانتار دەنگیان پێنەدا و دژى بوون.
بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەمانى عێراق، نابێت هیچ پەلەمانتارێک بێ پاساو ئامادە نەبێت و سەرۆکى پەرلەمانیش مافی هەیە تاوەکو 15 رۆژ مۆڵەت بداتە ئەندامانى پەرلەمان لە ساڵێکدا و دەتوانن مۆڵەتى پزیشکىش وەربگرن.
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ئەندامێکى پەرلەمان بۆ پێنج کۆبوونەوەى لەسەریەک یان 10 کۆبوونەوەى جیا لە یەک ساڵدا ئامادە نەبوو، ئەو کاتە لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە بە نووسراو ئاگادار دەکرێتەوە. ئەگەر دوای ئەوەش پابەند نەبوو، بابەتەکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ بڕیاردان لە بارەیەوە.
بەگوێرەى بڕیارەکە، ئەو رێوشوێنى مووچەبڕینەى پەرلەمانتاران لە کۆبوونەوەکانى هەفتەى داهاتووى پەرلەمانەوە جێبەجێ دەکرێت.
دوایین لیستى ئامادەنەبوونى پەرلەمانتاران کە پەرلەمانى عێراق بڵاویکردووەتەوە بۆ کۆبوونەوەى 18ى تشرینى دووەمى 2023 بوو کە 152 ئەندامى پەرلەمان ئامادە نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ