راوێژکارێکی سوودانی: 60٪ـی نەخشەسازیی رێگەی گەشەپێدان تەواوکراوە

02-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سوودانی دەڵێت، ئەم ساڵ قۆناخی نەخشەسازی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواو دەبێت و دەشڵێت، لەگەڵ تورکیا لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی رێڕەوی کۆتایی پڕۆژەکە.
 
ئەمڕۆ شەممە، دووی ئابی 2025، د. ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "60٪ـی دیزاین و نەخشە ستراتیژییەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواوکراوە؛ لەم ساڵدا کۆتایی بە قۆناخی نەخشەسازی دەهێنین و ئامادەکاری دەکەین بۆ دەستپێکردنی قۆناخی یەکەمی جێبەجێکاریی پڕۆژەکە."
 
راوێژکارەکەی سوودانی گوتی، "بۆ تەواوکردنی قۆناخی نەخشەسازی گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای راوێژکاریی ئۆلیڤەر وایمەنی ئەمریکیدا کردووە."
 
رۆژی 23ـی تەممووز، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی کرد،  بە گوێرەى نووسینگەى راگەیاندنەکەی، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی دەروازەی کۆتایی رێگەی گەشەپێدان کراوە کە عێراق بە تورکیاوە دەبەستێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی وەزاری پێکهێندراوە بۆ دیاریکردنی رێڕەو و خاڵی پەڕینەوەکە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
د. ناسر ئەسەدی دەڵێت، "لەگەڵ تورکیا لە گفتوگۆداین بۆ دیاریکردنی دەروازەی کۆتایی رێگەی گەشەپێدان، بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکەین."
 
پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەرى فاو لە بەسڕە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنوورى باکووری کوردستان و تورکیا.
 
هێڵەکە بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت و تێچووى 17 ملیار دۆلارە، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە ساڵی 2028 و دوایین قۆناخى لە 2050 تەواو دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە