بەڵێندەران و بازرگانانی سلێمانی دەیانەوێت بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ

05-02-2017
رووداو @Rudawkurdish
90%ی کاڵا و پێداویستییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی چەپی موسڵ دەکرێن
90%ی کاڵا و پێداویستییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی چەپی موسڵ دەکرێن
نیشانەکردن موسڵ
A+ A-

رووداو - سلێمانی

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە بۆ بەشداری پێکردنی بەڵێندەران و بازرگانان و وەبەرهێنەرانی پارێزگای سلێمانی، لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ، بەو پێیەی سلێمانی شارێکی پیشەسازیی و بازرگانییە.

رێکەوت زەکی، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و بازرگانی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رۆژی 29-1-2017 یاداشتێکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە کردووە، بەمەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگای سلێمانی و ژووری بازرگانی و پیشەسازی، بۆ بەشداریکردنی کارگە و کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانی ئەو پارێزگایە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ.

رێکەوت زەکی لە یاداشتەکەیدا داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتیشی کردووە، بۆ دروستکردنی ئەو هەماهەنگییە، بە مەبەستی بوژاندنەوەی بازاڕەکانی سلێمانی لەڕێگەی بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ. 

ژووری بازرگانی پیشەسازی سلێمانیش لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ بازرگان و وەبەرهێنەرانی شارەکە کۆدەبنەوە، بۆ دانانی پلانێک تایبەت بە چۆنێتی بەشداریکردنیان لە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای موسڵ.

هێشتا پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ دەستی پێنەکردووە، بەڵام رۆژانە 500 تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی و 350 تۆن خۆراکی وشکە و 5 تۆن گۆشتی مریشک هەناردەی بەری چەپی موسڵ دەکرێت، کە 90%ی ئەو کاڵایانە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێن، 80%ی لە هەولێر و 20% لە دهۆک و سلێمانییەوە هەناردە دەکرێن.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە