رووداو دیجیتاڵ
خێرا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە ئەنجامی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چاوەڕێ دەکرێ. پێشبینیی هەندێک لە بەرپرسانی شیعە و سوننەی عێراق بۆ ئەو سەردانە ئەوەیە ئەو دوو پرسە بەرەو ئاراستەی یەکلاییکردنەوە ببات.
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆبووەوە، بڕیاریشە دواتر لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کۆببێتەوە.
کۆبوونەوەکان بۆ تاوتوێی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و چارەسەری ئەو کێشانەیە کە ئەگەری هەیە رووبەڕووی حکومەتی نوێ ببنەوە و لە خولەکانی رابردوودا بە تەواوی چارەسەر نەکراون.
چارەسەر نەک کێشە
پەیوەندیی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سوننە و شیعەکانی عێراق وای کردووە ئەو لایەنانە هیوای زۆریان بە سەردانەکەی هەبێت بۆ خێرا پێکهێنانی حکومەتی نوێ و چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

عەزام حەمدانی، رێگەپێدراوی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نێچیرڤان بارزانی هەمیشە رۆڵی هەبووە لە ئاسانکردنی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و "هەمیشە بەشێکە لە چارەسەر".
ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی سێ رۆژ دوای سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراوی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان.
بە وێنە؛ کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا pic.twitter.com/4CFC3JvPJB
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 4, 2026
عەقێل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی تەواوکەری سەردانەکەی عەلی فالح زەیدییە بۆ هەولێر بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێندرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە "دەتوانێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات".
کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان وەک نوێنەری زۆرینەی سوننەکان دەبێت، کە لەگەڵ کورد سێ جەمسەری بەڕێوەبردنی عێراقن.
هەڵکەوت عەزیز: لە پێشوازییەکەیدا دیاربوو، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوێ لە نێچیرڤان بارزانی دەگرن.. نێچیرڤان بارزانی بەستەڵەکەکە دەتوێنێتەوە pic.twitter.com/zK1A9cQAg3
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 4, 2026
رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت: "نێچیرڤان بارزانی کەسێکە کە تێڕوانینێکی قووڵی هەیە، بەو پێیەی چەندین ساڵ سەرۆکوەزیران بووە و ئاگاداری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنیاندا".
لە 26ـی نیسانەوە عەلی زەیدی راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەگوێرەی دەستوور 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ ئەوەی کابینەی حکومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان تاوەکو متمانەی پێبدەن.
ئەبوو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و ئەوانەی دەوڵەت بەڕێوەدەبەن، هەربۆیە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت. ئەم سەردانە دەستپێکێک دەبێت بۆ خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت و رێکخستنەوەی پرسەکان."
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مێزى گفتوگۆ
سەردانەکە لەکاتێکدایە، هێشتا چەند پرسێک لەنێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵپەسێردراوی و بێ چارەسەری یەکجاری ماونەتەوە، لەوانە مووچە، بودجەی پێشمەرگە، مادەی 140 و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە وزە.
یوسف کیلابی: نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە شێوازێکی نەرمی هەیە و پێزانین و رێزی زۆری هەیە لە بەغدا pic.twitter.com/GGYCDevtsQ
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 4, 2026
یوسف کیلابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند: "خوازیارین لایەنە کوردستانییەکان بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی وڵات بڕوانن و ئەمجارە لەبارەی داواکارییەکانەوە پەنا بۆ یاساکانی بودجە و نەوت و گاز ببەن و لەسەر بنەما سەرەکییەکان رێکبکەون. دەبێ هەوڵ بدەین لەو رێگەیەوە ئەو ناکۆکییانەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەین کە ئەگەری روودانیان هەیە، لەوانە پرسەکانی دارایی، نەوت و گاز و دەروازە سنوورییەکان."
یوسف کیلابی گوتیشی: "هەموو هێزە سیاسییەکان هەوڵی خێرا پێکهێنانی حکومەتێک دەدەن تاوەکو دەستبەکار بێت بۆ چارەسەری ئاڵنگارییەکان، کە پێویستی بە چارەسەری خێرا و بەهێزە. ئەوە لە نێچیرڤان بارزانی چاوەڕێ دەکەین کە بە تەواوبوونی ئەم سەردانە، هێڵە گەورە و سەرەکییەکانی پێکهێنانی حکومەت دابنرێن و هیوامان وایە ئەم پرسانە بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ و بەیەکجاری یەکلایی بکرێنەوە."
پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەکاتێکدایە، هێشتا لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر عێراق ماون، بەهۆی دروستبوونی بەربەست لە هەناردنی نەوتەکەی، سەرەڕای ئەوەی هەردوو لایەنی جەنگەکە لە ئاگربەستدان.
عەزام حەمدانی دەڵێ: "ئێستا دۆخەکە گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەهۆی دۆخی جەنگ و گوشارە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵیش هەیە بۆ چارەسەرکردنیان."
بڕیارە کورد داواکارییەکانی خۆی لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بخاتە بەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ بەشداریکردن تێیدا.
عەقێل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت: "ئەو کێشانەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن، هەمان ئەوانەی پێشوون، دیارترینیان مووچە، مادەی 140 و هەناردەی نەوتە کە پێویستە چارەسەر بکرێن لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری بۆ کۆمەڵگەی عێراق بە کورد و عەرەبەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ