رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 7ى ئەم مانگە تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق بە جیا پێشکەشی دادگەکەیان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى چەند مادەیەکى یاسای بودجە، یەکێک لە تانەکانى هەولێر پەیوەندیدارە بە بێبەشکردنی لە زیادەى داهاتى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق رۆژى 7ى ئابى 2023 دادگەکە تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات، کە یەکێکیان دووەم دانیشتنێتى و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمار کراوە. دووەمیان لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشکێشکراوە. هەردوو سکاڵاکەش لەسەر چەند مادە و بڕگەیەکى یاساى بودجەى گشتییە، کە بۆ سێ ساڵە.
سکاڵاکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە و بەشێک لە مادە و بڕگە تانەلێدراوەکانى بودجە لەو سکاڵایەدا تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەدا لەوانە:
- بڕگەکانى یەکەم و دووەمى مادەى 11، کە تایبەتن بە دیاریکردنى رێژەى شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لە بودجەدا.
- سێ خاڵى بڕگەى دووەمى مادەى 12، کە تایبەتن بە رادەستکردنى نەوت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت و رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە بەگوێرەى پابەندى بە رادەستکردنى نەوت و داهات.
- بڕگەى حەوتەمى مادەى 13 کە تایبەتە بە چۆنێتى چارەسەرکردنى کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا و سکاڵاکە لەدژى ئەوەیە کە ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرا، لە پەرلەمان یەکلا بکرێتەوە.
- خاڵى بێ لە بڕگەى هەشتى مادەى 13، کە تایبەتە بە پاردارکردنى یەکێک لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە، ئەگەر کارى لەپێشنیەى خەرجکردنى بودجە بۆ موچە و پڕۆژەکانى وەبەرهێنانى پارێزگاکان نەبێت.
- لقی بێى خاڵى پێنجى بڕگەى یەکى مادەى دوو، کە تایبەتە بە خەرجکردنى 70%ى داهاتى زیادەى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ کورتهێنانى بودجە و خەرجکردنى 30%ى ئەو زیادەى داهاتى نەوتە بۆ شایستەى دارایی دواکەوتووی پارێزگاکان.
رۆژی 4ى ئابى 2023 خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تانەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕگەى راگرتنى کاتى ئەو مادانەى تێدا نییە بە فەرمانى وەلائی، لەبەرئەوەى بەهۆیەوە پشکى هەرێمى کوردستان رادەگیرێت."
هەرچى سکاڵاکەى سەرۆکوەزیرانى عێراقە لە دژى بڕگەکانى 12 مادەى یاسای بودجەیە، کە تایبەتن بە دەسەڵاتدان بە پارێزگار بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ وەبەرهێنەران، دەسەڵاتى پێدانى مۆڵەتی پێنج ساڵی بە فەرمانبەران بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی، قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵ، بەشێوەیەک لە 50 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، لێبڕینى بڕێک پارە لە مووچەى فەرمانبەران، گرێبەستکردنى ئەنجوومەنی زانکۆکان لەگەڵ کەرتی تایبەت، راگرتنی دامەزراندن، کۆتاییهێنان بە پۆستى بەوەکالەت، دانەوەى قەرزى وەزارەتى داد، ئەوە جگە لەزیادکردنى چەند مادەیەکى دیکە.
رۆژی 12ى تەممووزى 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا کە بە شێوەیەکى کاتى جێبەجێکردنى شەش بڕگە و مادەى یاسای بودجە رابگیرێن، تاوەکو سکاڵایەک لەو دادگەیە یەکلایی دەکرێتەوە، کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لە دادگەکە تۆماری کردووە.
یاسای بودجەى گشتى لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى لە 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق، دەبێت لەماوەى 30 رۆژ لە بڵاوکردنەوەى یاساى بودجە لە رۆژنامەى وەقائیع عێراقى تانەکان لەسەر ئەو یاسایە پێشکێش بکرێن و دادگەش لەماوەى سی رۆژدا تانەکە یەکلابکاتەوە.
دارا سێکانیانى ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەو رۆژەوەى کە دادگە تانەکە بە تەواوى و بە کردارى وەردەگرێت، سی رۆژەکە هەژمار دەکرێت نەک لە رۆژى یەکەم دانیشتنى دادگاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ