رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دابەشکردنی ئەندامانی لیژنەکان کۆدەبنەوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بڕیاری دا مانگانە 8 دانیشتن بکەن.
رۆژى یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2025 هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و عەدنان فەیحان و فەرهاد ئەترووشی، جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیاندنى پەرلەمان، بڕیار دراوە لە دانیشتنی رۆژی دووشەممە 5ی کانوونی دووەم، لیژنەیەک لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پێکبهێندرێت و پێشنیاز پێشکێش بکەن لەبارەی دابەشکردنی ئەندامانی لیژنەکان لەسەر بنەمای بەرکەوتەی هەڵبژاردن و پسپۆڕی.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، هەر ئەندامێک بۆی هەیە لە دوو لیژنەدا ئەندام بێت، یەکێکیان سەرەکی و ئەوی دیکەیان لاوەکی.
پەرلەمانی عێراق 25 لیژنەی هەمیشەیی هەیە و بۆی هەیە لیژنەیەکی لاوەکی بۆ پرسێکی تایبەت هەبێت.
شێروان دووبەردانی رایگەیاند، تاوەکو حکومەتی نوێ پێکدێت، لە هەر لیژنەیەکدا بەتەمەنترین ئەندام سەرۆک دەبێت.
بەگوێرەی نەریتی پەیڕەوکراو لە پەرلەمانی عێراق، نابێت سەرۆکایەتیی لیژنەیەک بدرێتە فراکسیۆنێک کە وەزیری پەیوەندیداری هەمان لیژنە لە پشکی ئەو فراکسیۆنە بێت؛ بۆ نموونە: ئەگەر لایەنێک وەزارەتی تەندروستیی بەدەستەوە بێت، نابێت سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی پێبدرێت.
لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقدا، بڕیار دراوە کارنامەی کاری پەرلەمان بە جۆرێک بێت کە مانگانە 8 دانیشتن بکەن.
دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق، یەکەم دانیشتنى خولى شەشەم دەبێت بە دەستەى سەرۆکایەتیى هەڵبژێردراوەوە، تیایدا دەنگ لەسەر پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ