نێچیرڤان بارزانی: زەیدی گوتی، 'ئەوەی بتوانم بۆ چارەسەری مووچەی هەرێمی کوردستان دەیکەم'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەڵێت، "پێی گوتم: ئەوەی بتوانم بۆ چارەسەری مووچەی هەرێمی کوردستان دەیکەم."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، عەلی زەیدی "باسی ئەوەی کرد کە پرسی مووچە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەکو هەموو شوێنەکانی عێراق مافی خۆیانە. ئەو لەلای خۆیەوە گوتی: ئەوەی من بتوانم بیکەم لەم پرسەدا، بە دڵنیاییەوە دەیکەم، چونکە مافی خۆیانە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی گوتی، لەگەڵ محەممەد حەلبووسیش قسەیان کردووە، "کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، ئەوەی گرنگ بوو ئەوەیە کە هەردوولامان کۆک بووین لەسەر ئەوەی، دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە. کۆبوونەوەیەکی هەتا بڵێی باش بوو لەگەڵ حەلبووسی. پشتیوان بە خودا ئەوە بەردەوام دەبێت."

 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، محەممەد حەلبووسیی "بانگهێشت کردووە بێتە [هەرێمی] کوردستان." ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکانی عێراقیش "کۆبوونەوەیەکی باشی" هەبووە.

لە وەڵامی پرسیارێکی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لەبارەی ئەوەی هەندێک قسە لەملاولا دەکرێن لەبارەی کۆبوونەوەکان، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هەموو ئەو قسانە راست نین. ئەو قسانەی ئەملاو ئەولا هەمووی راست نییە. بە پێچەوانەوە، کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەیەک بوو کە ئەساسەن دانرابوو بۆئەوەی ئێمە جەنابی حەلبووسی ببینین، فیعلەن کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیشمان هەبوو."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژی دووشەممە 4ی ئایاری 2026ـەوە بە سەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
 
لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق کۆبووەوە. لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، زەیدی دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێکتێگەیشتنی باش هەبوو لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و، ئاسانکاریی کرا بۆ چارەسەرکردنیان. ئەو بابەتانەی ماون و پەیوەندیدارن، پشت بە خوا لەم حکومەتەدا یەکلایی دەکرێنەوە."
 
 
لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ باسی لەوە کرد، "هەموو کێشەکانی پەیوەست بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن، ئەمە مووچەی گەل و مووچەی هاونیشتمانییانە، دروست نییە دوابکەوێت."
 
 
جگە لە زەیدی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی عێراقیش کۆبووەوە.
 
 
کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک لە بەغدا بەردەوامن و تاوەکو ئێستا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، پەرلەمانتارانی کریستیان لە پەرلەمانی عێراق و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتارانی کریستیان

سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانی کریستیان: نێچیرڤان بارزانی بەڵێنیدا بۆ وەرگرتنى وەزارەتێک پاڵپشتیمان بکات

کڵدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا کریستیان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی پێکهێنانی حکومەتیان کردووە و نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە کە پاڵپشتیی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکەن.