لە سلێمانى زۆرترین کەس داوایان کردووە بکرێنە کارمەندى سەر سندووقى دەنگدان

05-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە دوو رۆژدا زیاتر لە 58 هەزار کەس داواکارییان پێشکێشی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردووە بۆ ئەوەى بکرێنە کارمەندى سەر سندووقى دەنگدان. لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان زۆرترین کەس لە پارێزگاى سلێمانى داواکارییان پێشکێش کردووە. 
 
بە گوێرەى ئامارێک کە رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە دەستیکەوتووە، لە رۆژانى سێ و چوارى حوزەیرانى 2025، لە عێراق و هەرێمى کوردستان 58 هەزار و 540 کەس داواکارییان پێشکێش بە کۆمیسیۆن کردووە بۆ وەرگرتن وەک کارمەندى سەر سندووقى دەنگدان، 46 هەزار و 506 یان لە رەگەزى نێر بوون. 
 
زۆرترین داواکارى لە سەر ئاستى عێراق لە بەغدا پێشکێش کراون کە 13 هەزار و 290 کەس بوون، نەینەوا بە سێ هەزار و 139 کەس دووەم و ئەنبار بە سێ هەزار و 720 کەس سێیەم بووە. 
 
لە سێى حوزەیرانەوە دەرگاى پێشکێشکردنى داواکاریى بۆ وەرگرتن وەک کارمەندى سەر سندووقى دەنگدان دەستیپێکرد، تاوەکو نۆی تەممووز بەردەوام دەبێت.
 
لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، زۆرترین داواکاریى لە پارێزگاى سلێمانى پێشکێش کراون، کە هەزار و 677 کەس بوون، هەولێر لە ریزبەندى دووەمە بە پێشکێشکردنى هەزار و 626 داواکارى، لە پارێزگاى دهۆک هەزار و 161 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە. 
 
پێنجشەممە پێنجی ئایارى 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى گوت: "ژمارەى ئەو کەسانەى لە هەرێمى کوردستان دەبن بە کارمەندى سەر سندووقەکانى دەنگدان دیاری نەکراوە، ئەوە پەیوەستە بە کۆتاییهاتنى ماوەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران و ئەو کاتە بەگوێرەى دابەشکردنى ژمارەى دەنگدەران بەسەر ناوەندەکانى دەنگدان، ژمارەى کارمەندانى سەر سندووقەکانى دەنگدان دیاری دەکرێن".
 
نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ هەڵبژارنى پەرلەمانى عێراق لە 11ـی نیسان تەواو دەبێت، کە لە 25ـی ئادارەوە دەستى پێکردووە و دووجار ماوەکەى درێژکراوەتەوە. 
 
عیماد جەمیل گوتى:" پێشبینی دەکرێت لەسەرانسەرى عێراق 300 هەزار کەس وەک کارمەندى سەر سندووقى دەنگدان دیاری بکرێن، بەشێوەیەکى گشتى بۆ هەر ناوەندێک پێویستمان بە چوار کارمەند و بۆ هەر وێستگەیەک بە پێنج کارمەندى سەر سندووقى دەنگدانە".
 
بە گوێرەى زانیارییەکان، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان داواکارییەکى ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە بۆ ئەوەى رەزامەندى لەسەر بدات لە بارەى پاداشتى ئەو کارمەندانە لە رۆژانى دەنگدانى تایبەت و گشتى لەسەر سندووقى دەنگدان دەبن، کە 150هەزار دینار و سوپاسنامەیە بۆ فەرمانبەرانى حکومەت و 250 هەزار دینارە بۆ ئەو کەسانەى فەرمانبەرى فەرمى حکومەت نین.
 
11ـی تشرینى دووەمى 2025، هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانی عێراق دەکرێت؛ دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە