رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزیری نەوت رایگەیاندووە، "هەرێمی کوردستان ئێستا توانای 130 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و ئامادەن وەریبگرن."
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە بەشێکی تایبەت بوو بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان "ئەرێنی"ـی بووە.
"عێراق رازیبووە بە وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان"
بەگوێرەی پەیامنێری رووداو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزیری نەوت بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکان لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتویەتی، هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 130 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و 50 هەزاری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و بەغدا 80 هەزاری وەردەگرێت."
بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکە، "بەهۆی هێرشە درۆنییەکان کێڵگە نەوتییەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و بەشێک لە کۆمپانیاکانیش ترساون و کار ناکەن، ئەمەش بووەتەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان."
عێراق کەی بڕیار لە ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەدات؟
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دا گوتویەتی، راپۆرتی وەزارەتەکەیان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە، ئەمەش بەهۆی جیاوازی سیستمی دارایی هەولێر و بەغدا.
سوودانی هەفتەیەکی داوەتە وەزارەتەکان بۆ ئەوەی راپۆرتی لیژنەکانیان بۆ سێشەممەی داهاتوو ئامادە بکەن و بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بدرێت.
لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دا هاتبوو، هەرێمی کوردستان دەبێت 230 هەزار بەرمیل نەوت و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
دوای راپۆرتی لیژنەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەغدا رازیبووە هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ بەکاربهێنێت و ئەو 80 هەزارەی دیکە وەربگرێت.
هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان نەخراوەتەڕوو.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، سەباح نوعمان، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە، "تاوەکو ئێستا راپۆرتەکان ئامادە نەکراون، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە ئەگەر راپۆرتەکان ئامادە کران، هەر کەس و لایەنێک لەدوای هێرشەکانەوە بێت بۆ رای گشتیی ئاشکرای دەکات."
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە هەر کەس و لایەنێک لەدوای هێرشەکانەوە بێت، رووبەڕووی سزا دەکرێتەوە.
رووداو زانیویەتی، ئەو لیژنە ئەمنییەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دوێنێ پشکنینیان لە پارچەی درۆنەکان کردووە، بەڵام راپۆرتی کۆتاییان ئامادە نەکردووە.
مانگی رابردوو نزیکەی 25 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیان کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ