رووداو دیجیتاڵ
رووداو گەیشتە ماڵی عەجاج (حەجاج)، هاوژین، کوڕ و برایەکی دەڵێن، ئەو کەسەی گیراوە "جەلـلادەکەی نوگرەسەلمان" نییە، بەڵام ژنێکی کورد کە 6 مانگ بە دەستی ئەو ئەشکەنجە دراوە، وێنەکەی دەناسێتەوە و دەڵێت، خۆیەتی.
لە ناوچەی زڵوعییەی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، دوایین تۆمەتباری تاوانەکانی رژێمی بەعس، عەجاج ئەحمەد حەردان، دەستگیر کرا. ئەو پیاوەی کە لای کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بە "جەلـلادەکەی نوگرەسەلمان" ناسراوە، ساڵانێکی زۆر بوو خۆی لە چاوی دادگە و خەڵک شاردبووەوە.
کەسوکاری عەجاج، بەتایبەت ژن و کوڕەکەی، ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و نکۆڵی لەوە دەکەن عەجاجەکەی ئەوان هەمان ئەو کەسە بێت کە دەستی لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی زیندانیانی نوگرەسەلمان دا هەبووبێت. ئەوان دەڵێن، ساڵانێکی زۆرە عەجاج و دوو ژنەکەی و منداڵەکانی لە خانوویەکی تەواونەکراودا خەریکی ئاژەڵداری و کشتوکاڵن و سەردانی هیچ شوێنێکیان نەکردووە.
بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانن ئەو راستییە بشارنەوە عەجاج لەنێوان ساڵانی 1986 بۆ 1990 ئەفسەری ئەمن بووە لە هەمان ئەو زیندانە. سەراجەدین عەجاجی کوڕی دەڵێت، "باوکم پێشتر ئەفسەری ئەمن بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی موسەننا، تاوەکو ئەو کاتەی بەهۆی دەرچوونی نووسراوێکەوە لە خزمەت دوورخرایەوە و دەرکرا." وەحیدە محەممەدی هاوژینیشی دەڵێت،"لە ساڵی 1989 هاوسەرگیریم لەگەڵ کرد، ئەفسەر بوو بە پلەی یەک ئەستێرە و لە سەماوە دەوامی دەکرد."
خزم و سەرۆک هۆزەکانی عەجاج لە دیوەخانێکدا کۆبوونەتەوە و تاکە بەڵگەیەک کە بۆ بێتاوانکردنی دەیخەنەڕوو، نووسراوێکی ساڵی 1990ـە کە گوایە بەهۆیەوە لە ریزی سەربازی دوورخراوەتەوە، واتە دوو ساڵ دوای شاڵاوی ئەنفال.
برایەکی عەجاج کە چوار ساڵ لە خۆی بچووکترە، گێڕانەوەیەکی سەیرتری هەیە. ئەو دەڵێت براکەی "کەسێکی کەم دوو بووە" و زۆر باسی کارەکەی نەکردووە، بەڵام دەزانن لە نوگرەسەلمان بووە. جەخت لەوەش دەکاتەوە گوایە عەجاج بەهۆی "باشی لەگەڵ راگیراوان" و "هاوکاریکردنی دەستگیرکراوان" سزا دراوە و دەرکراوە، هەروەک چۆن باوکی ئامۆژگاری کردووە مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانییەکان نەکات، چونکە "ئەو خەڵکە هەمووی بێتاوانن."
بەڵام دوو بەڵگەی بەهێز، گێڕانەوەی خێزانەکەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. یەکەمیان لێدوانی بەرپرسێکی ئەمنییە لە سنوورەکە کە دەڵێت، "بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لایە کە دەستگیرکراوەکە خودی عەجاجی تۆمەتبارە و هەر لە چرکەساتی دەستگیرکردنیدا دانی بەوەدا ناوە دەستی لە کوشتنی دەیان زیندانیکراودا هەبووە."
بەڵگەی دووەم شایەتی یەکێک لە قوربانییەکانە. عەنبەر ئیسماعیل، ژنێکی کوردی رزگاربووی زیندانی نوگرەسەلمانە کە 6 مانگ رۆژانە لەلایەن عەجاجەوە ئەشکەنجە دراوە. کاتێک وێنەی عەجاجی پیشان درا، بە ترس و دڵنیاییەوە گوتی: "بەڵێ، بەڵێ خۆیەتی! ئەوەی ئەو بەسەر منی هێناوە، بە گێڕانەوەشی هەرگیز ئاسوودە نابم. بە دشداشەیەکی خەتخەت و یەکێکی سپی سادەوە دەهات. لەبەرچاومان یەک شیشی ئاسنی لە پیاوێکی بەتەمەن دا و کوشتی. لە خۆمی داوە، لە باوکم، دایکم، خوشکم... لە هەموومانی داوە."
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنەکەیدا، لە سنووری گەرمیان هەڵمەتی کۆکردنەوەی سکاڵای یاسایی لەلایەن کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە دژی عەجاج دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ