رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق پڕۆژەیەکی نوێ رادەگەیێنێت بۆ گەیاندنی مۆڵەتی شۆفێری بۆ سەرجەم هاووڵاتییان، ئەمەش بەهۆی کەڵەکەبوونی ژمارەیەکی زۆری مۆڵەت لەنێو فەرمانگەکاندا.
حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند: "دوای راییکردنی مامەڵەی نوێکردنەوە و دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵنامەی ئۆتۆمبێل، ژمارەیەکی یەکجار زۆری هاووڵاتییان ناگەڕێنەوە بۆ وەرگرتنەوەی مۆڵەتەکانیان."
حەیدەر شاکر گوتیشی: "لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق، بەمزووانە پڕۆژەی گەیاندنی مۆڵەتی شۆفێری هاوڵاتییانمان دەبێت و دەیگەیێنینە بەر دەرگای ماڵەکانیان".
بەپێی ئامارێکی ساڵی 2023، لە عێراق نزیکەی 7 ملیۆن و 700 هەزار مۆڵەتی شۆفێری دەرکراون و نزیکەی 7 ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێلیش تۆمارکراون.
بەگوێری رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی عێراق، هەرکەسێک مۆڵەتی شۆفێری نەبێت و ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت بە بڕی 200 هەزار دینار سزا دەدرێت و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت. هەروەها بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ئۆتۆمبێل دەبێت تەمەنی کەسەکە لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ