رووداو دییجتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت لە جێگیربوونی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی گازی شل دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، بۆ پڕکردنەوەی هەر ئەگەرێکی کورتهێنان لە داهاتوودا، رەزامەندیی هاوردەکردنی 200 هەزار تۆن گازیان وەرگرتووە. هاوکات سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی گاز بەسەر هاووڵاتییاندا پەیڕەو دەکرێت.
د. ساحیب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند : "ئێستا بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق جێگیرە و رۆژانە دەگاتە نزیکەی 4,700 تۆن، ئەم بڕەش تەواو هاوتایە لەگەڵ بەکاربردن لەنێوخۆدا."
د. ساحیب بەزوون راشیگەیاند، ئێستا وەزارەتەکەیان خاوەنی کۆگەیەکی یەدەگی 50 هەزار تۆنییە، بەڵام بۆ دڵنیایی زیاتر، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە بۆ هاوردەکردنی 200 هەزار تۆنی دیکە وەک دڵنیایی پێشوەختە بۆ هەر پێویستییەک لە داهاتوودا.
دابەشکردنی گاز لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەوە
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەبارەت بە گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی گازدا گوتی: "سیستمێکی نوێی رێکخستنمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی پشکی گاز دەگاتە دەستی هەموو هاووڵاتییەک، کە مانگانە دوو بوتڵە بۆ هەر خێزانێک."
روونیشی کردەوە، دابەشکردنەکە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "سووپەر کەی" (Super Key) دەبێت، کە هەمان ئەو ئەپڵیکەیشنەیە بۆ سووتەمەنییەکانی دیکە بەکاردێت. هاووڵاتییان دەتوانن بە شێوەیەکی دیجیتاڵی داوای پشکی خۆیان بکەن. سیستمەکە ئەوانەش دەگرێتەوە کە کۆبۆنی خۆراکیان هەیە و ئەوانەشی کە نییانە.
د. ساحیب بەزوون جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم رێکخستنە بڕینی رێگەیە لە "یاریپێکردن بە قووتی خەڵک" و رێگریکردنە لە بازرگانی نایاسایی بە گازەوە.
پلانی درێژخایەن و زیادکردنی بەرهەم
لەلایەکی دیکەوە، عەلی مەعارج، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکانی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت، خەریکی دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکن.
مەعارج گوتی: "ئێستا بەرهەمی نێوخۆیی بەش دەکات، بەڵام هاوردەکردنی ئەو 200 هەزار تۆنە بۆ دڵنیایی زیاتر و بۆ ماوەیەکی درێژخایەنە."
ئاماژەی بەوەش کرد، پلانێکیان هەیە بۆ کارپێکردنی چەند کێڵگەیەکی دیکەی گاز بە مەبەستی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی.
وەزارەتی نەوت دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ هاوکارییان لە رێگریکردن لە گرانکردنی نرخ و شاردنەوەی سووتەمەنی لە لایەن هەندێک کەسەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ