لە بەسرە پیاوێک 11 ئەندامی خێزانەکەی دەکوژێت؛ یەکێکیان منداڵێکە تەمەنی لە یەک ساڵ کەمترە

08-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێو ئەو ماڵەی 11 کەس تێیدا کوژران
نێو ئەو ماڵەی 11 کەس تێیدا کوژران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پیاوێک لە بەسرە دوای ئەوەی 11 ئەندامی خێزانەکەی دەکوژێت، خۆشی کوشت. رووداوەکە لە کاژێر 20:00 (بە کاتی هەولێر) لە ناوچەی موەزەفین روویدا. کەسوکاری ئەو پیاوە دەڵێن، هیچ کێشەیەکی نەبووە. دادوەری تێهەڵچوونەوەی بەسرە بە رووداوی گوت: "دوای لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکان ئاشکرا دەکەین"
 
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لەبەردەم ماڵی خێزانەکە لە قەزای شەتولعەرەب کە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 8-5-2024) رووداوەکە لێی روویدا، لەگەڵ خزم و کەسوکار و دراوسێکانیان قسەی کرد.
 
باوکی کەسێک لە کوژراوەکان کە کوڕەکەی دەکاتە زاوای 'بکوژ'ـەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "کوڕەکەم، بووکەکەم و کوڕەزاکەم میوانیان بوون، هەموویان کوژران، منداڵەکە وەکو باڵندە وابوو بە نازەوە بەخێوم دەکرد، چاوەڕوان بووم گەورەبێت." 
 
"ئەو منداڵەی لە رووداوەکەدا کوژراوە تەمەنی لە ساڵێک کەمتر بووە و نەوەی بکوژەکە بووە." ئەمە بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو
 
 
دادوەری تێهەڵچوونەوە و بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسرە لە شوێنی رووداوەکە بوون، لەوبارەیەوە ئامادەنەبوون روونکردنەوە بدەن، دادوەری تێهەڵچوونەوە گوتی: "لەدوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە تەواوی ئەنجامەکان بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرا دەکەین." 
 
هەرچەندە پێشووتر فەرماندەی پۆلیسی بەسرە رایگەیاندبوو: "ئەو پیاوەى ئەندامانى خێزانەکەى کوشتووە، بەهۆى قەیرانى داراییەوە تووشی کێشەى دەروونى بووە. رووداوەکە لە ناوچەى موەزەفین لە قەزاى شەتولعەرەب روویداوە و لەدواى کوشتنى ئەندامانى خێزانەکەى، پیاوەکە خۆى کوشتووە."
 
پۆلیسی بەسرە رەتیشیکردەوە، ئەو خێزانە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کوژرابن.
 
 
هێزێکی ئەمنی زۆر بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە بەردەم ماڵەکە بوون، هەروەها و ژمارەیەک تیمی تەندروستی بە هاوکاری تیمی لێکۆڵینەوە، بە ئامبوڵانس کاژێر نزیکەی 12:00ـی شەو تەرمەکانیان گواستەوە بۆ دادپزیشکیی بەسرە.
 
کەسوکاری ئەو خێزانە و بەشێک لە هاووڵاتییانی گەڕەکەکە لە شوێنەکە کۆببوونەوە و یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بە رووداوی گوت: "ئێوارە پەیوەندییان پێوە کردین، گوتیان ئەو کارەساتە روویداوە. ئەو پیاوە کەسێکی نوێژکەر و رۆژووگر بوو، شتێکی وەهای نەبوو، بۆیە نازانین بۆ روویداوە."
 
ئەو هاووڵاتییە، دەستی بۆ دوو خانوو راکێشا و گوتی: "هەردووکیان ماڵی ئەون، دۆخی دارایی باش بوو."
 
کەسێکی دیکە بە توڕەییەوە باسی لەوەکرد: "ئێمە کەسوکاری ئەوانین، ئامۆزایانین و ناکرێت بەمشێوەیە بێت، 11 کەسی کوشتووە، دایکی و براکانی و خوشکێکی میوانی بوون، هەمووی کوژراون، بچووکترینیان منداڵە."
 
رووداو زانیویێتی، ئەو کەسانەی پیاوەکە کوشتوونی، دایک، هاوژینی و زاواکەی و 7 منداڵی بوون.
 
هاووڵاتییەکی دیکە، گوتی: "من مامیانم، ئەو کەسە کێشەی نەبووە، دۆخی دەروونیشی جێگیر بووە، بۆیە دەبێت بزانین چی روویداوە."
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەو کەسە بەهۆی قەرزدارییەوە رەوشی دەروونی تێکچووبێت و ئەو کارەی کردبێت، بەڵام کەسوکارەکەی رەتیدەکەنەوە.
 
هەروەها ئەو کەسانەی لە گەڕەکەکە قسەیان بۆ رووداو کرد رەتیدەکەنەوە پیاوەکە دوژمندار بووبێت، بۆیە لە کۆی رووداوەکە بەگومانن و داوای لێکۆڵینەوەیان دەکەن.
 
ئامۆزایەکی ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە گوتی: "داوام لە دادوەری لێکۆڵینەوە کرد، رێگەم بدەن بیانبینم، بەڵام رێگەیان نەدا، تەنیا لە دوورەوە تەرمەکەم بینی، کەسێکی باش بوو نازانم بۆچی وایکرد، بەڵێندەر بوو هاوکاری هەژارانی دەکرد. زۆر سەیر بوو هیچ شتێک نازانین لەبارەیەوە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە