رووداو دیجیتاڵ
لیژنە وەزارییەکەى عێراق بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا یەکەم کۆبووونەوەی خۆی کرد، بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت، بڕى بەکارهێنانى ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمى کوردستان و بەجێکردنى مووچە تاوتوێ کراون.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی تەممووزى 2025، بە سەرۆکایەتىی محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان و جێگرى سەرۆکوەزیران کراوە.
بە گوێرەى راگەیێنراوێکى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو کارنامەی پێشکێشکراوی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان خرانەڕوو، کە چەند تەوەرێکی گرنگیان لەخۆگرتبوو؛ لەوانە، دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت و میکانیزمەکانی رێکخستنی، بڕى بەکارهێنانى ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان، هەروەها رادەستکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی بەجێکردنى مووچەی فەرمانبەران."
لیژنەکە سێشەممە 8ـی تەممووز پێکهێنرا بۆ ئەوەى هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا لە بارەى داواکارییەکانى نێوانیان لەبارەى پرسى نەوت و مووچە یەکبخەن.
وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند: "لیژنەکە جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ تەکنیکی و کارگێڕییەکان لەبارەی ئەو دۆسیانەوە کردەوە، بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری خێرا و دادپەروەرانە و واقیعییانە، کە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات، هاوشێوەی هاوپیشەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق"
دووشەممە 7ـی تەممووز شاندى حکومەتى هەێمى کوردستان سەردانى بەغدایان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە بارەى پرسى نەوت و مووچە، بەڵام نەیانتوانى لەگەڵ لیژنەى تایبەتى حکومەتى فیدراڵى بگەنە رێککەوتن و بەوهۆیەوە ئەو لیژنە وەزارییە پێکهێنرا.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان و ئەندامێتیى نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەنگین رێکانی، وەزیری نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، خالید بەتال، وەزیری پیشەسازیی و کانزاکان و خالید شوانی، وەزیری داد بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ