رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی لایەنگیری هیچ جەمسەرێک ناکات و دەیەوێ بە هاوسەنگی رێگری لە گەیشتنی جەنگەکان بۆ نێو وڵاتەکەی بکات.
رۆژی هەینی، 10ـی نیسانی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند: "عێراق هەوڵی لایەنگیری و جەمسەربەندی نادات، بەڵکو هەوڵ بۆ هاوسەنگییەک دەدات کە رێگری لە گەیشتنی جەنگ بۆ نێو وڵاتەکەی بکات."
قاسم ئەعرەجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە رۆڵی عێراق لە ناوچەکەدا کرد و گوتی: "بێلایەنیی ئەرێنی بێدەنگی نییە، بەڵکو جووڵەیەکی بەرجەستەیە کە رۆڵێکی پەسند لای هەموو لایەنەکان بە عێراق دەبەخشێت."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، ئەم هاوسەنگییەی عێراق پەیڕەوی دەکات بە واتای بێلایەنیی نەرێنی نایەت، بەڵکو بە واتای "ئامادەیی کارایە کە قورساییەکی شایستە لای هەمووان بە عێراق دەبەخشێت."
ئەم لێدوانەی قاسم ئەعرەجی لەکاتێکدایە، جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەری گەورەی لەسەر عێراق هەبوو و ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانیش کە خۆیان وەک موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، چوونە نێو جەنگەکەوە لە بەرژەوەندی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ