دادگەی فیدراڵی بایی پێنج ملیار دینار ئۆتۆمبێل دەکڕێت

10-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵی کەمکردنەوەیەکی ئاشکرای بۆ کڕینی 42 ئۆتۆمبێلی گرانبەهای بەرزی مۆدێل 2023 راگەیاند و بڕی نزیکەی 5 ملیار دیناریشی بۆ تەرخانکردووە. لەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا دوو ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕ و دووی گەشتیاریی هەن.
 
رۆژی یەکشەمە، 10-9-2023، دادگەی باڵای فیدراڵی کەمکردنەوەیەکی ئاشکرای (واتە کام کۆمپانیا نرخێکی کەمتر بۆ ئۆتۆمبێلەکانی دابنێت، دادگەی فیدراڵی ئۆتۆمبێلەکان لەو شوێنە دەکڕێت) بۆ کڕینی 42 ئۆتۆمبێل بۆ دادگەکە بە بەهای 4 ملیار و 948 ملیۆن و 975 هەزار دینار کە دەکاتە زیاتر لە 3 ملیۆن و 777 هەزار دۆلار راگەیاند و بەپێی راگەیێندراوێکی دادگەکە ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەو کەمکردنەوەیە بۆ کڕین و دابینکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەشداری بکەن، دەبێت دە مەرج جێبەجێ بکەن.
 
بەپێی راگەیێندراوی دادگەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی دیاریکراون بۆ دادگەکە بکڕدرێن کە هێشتا دیارنییە بۆ دادوەرانی دادگەکەیە یان بۆ راییکردنی کاروبارەکانی دەزگاکەیە، بریتین لەمانەی خوارەوە:
 
- GMC يوكن(L)  (VIP ) ، 2023، 4DENALI 4x ، دوازدە ئۆتۆمبێل.
- تۆیۆتا لاندکرۆزەر 2023، ( TWIN TURBO VX HIGH V6/3.5 L)، دەبڵ تۆربۆی خەسڵەت بەرزی TV، رەنگی سپی، نۆ ئۆتۆمبێل.
- تۆیۆتا پیکابی هایلۆکس،(HILIX-DOUBLE Cabin-4X4 AT- V4)(AT) 2023، دوو ئۆتۆمبێل.
- تۆیۆتا هایلاندەر، Highlander HEV 4X4 ،2023، چوار ئۆتۆمبێل.
- ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا راف 2023، Rav4 MID-MR،  هەشت ئۆتۆمبێل.
- پاس تۆیۆتا هایس، 2023، 13 نەفەریی گەشتیاری، دوو ئۆتۆمبێل. 
- پاس تۆیۆتا هایس مۆدێل 2023، 13 نەفەریی گەشتیاری، سێ ئۆتۆمبێل.
- (GMC YUKON 5.3 L V8-4WD-AT-GASOLINE-ARMORED)، دوو ئۆتۆمبێل.
 
بەپێی راگەیێندراوی دادگەکە، دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانە لەماوەی 30 بۆ 60 رۆژ دابینبکرێن و چەند مەرجێکی دیاریکردووە، لەوانە؛ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشداری بکەن لەو کەمکردنەوەیە لە رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2023 تاوەکو رۆژی سێشەممە 12ـی ئەیلوولی 2023 زانیاریی زیاتر وەربگرن.
 
لە مەرجەکاندا هاتووە: "نابێت ئەو کۆمپانیایەی داواکاری پێشکێشکدەکات لە لیستی رەشدا بێت و لانیکەم دوو هێندەی پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بانک هەبێت، دواین وادەش بۆ وەرگرتنی داواکارییەکان رۆژی 20ـی ئەیلوولی 2023یە".
 
لەبارەی تەرخانکردنی پارە بۆ کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە و ئەو کەمکردنەوە ئاشکرایەی دادگەی فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی روودای گوت، "ئەگەر لە یاسای بودجەدا هەبێت دەتوانن پارەی بۆ تەرخانبکرێت و بکڕدرێت، بەڵام ئێمە بەدواداچوونیشی بۆ دەکەین بۆ زانینی وردەکارییەکانی."
 
هاوکات، خالید رێکانی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە دەسەڵاتی لیژنەکەی ئەوان و دەستەی دەستپاکیش هەیە بەدواداچوون بۆ وردەکاریی کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە بکات.
 
دادگەی فیدراڵی لە 12 ئەندام پێکدێت، نۆیان بنچینەیی و سێیان یەدەگن، دوو لە دادوەرە بنچینەییەکانی ئەو دوو دادگەیە کوردن.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە هەڵبژاردنێکی پێشووی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆنی عێراق کرا

پڕۆژە یاسایەک بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان درایە پەرلەمانى عێراق و داوا کراوە تەمەنی بۆ شەش مانگ درێژبکرێتەوە. ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمى بۆ کرا.