بەفەرمى ناوهێنانى حیزبوڵڵا و حوسییەکان لە عێراق وەک گرووپى تیرۆریستى سڕدرایەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان بڕیاری دا ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەنساروڵڵای حوسییەکان لەو لیستەی سزادراوانە لابدات کە پێشتر لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە و راستکردنەوەکە بەفەرمى لە رۆژنامەکە بڵاوکرایەوە.
 
ئەو راستکردنەوەیە لە نوێترین ژمارەى رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاو کراوەتەوە بە ژمارەى 4852، بڕیارەکە بە ژمارە 64 لە 7ی کانوونی یەکەمی 2025 دەرکراوە و بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەو بڕیارەی پێشوودا.
 
بڕیارەکەی لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان دوو بڕگەیە، یەکێکیان ئاماژە بەوەدەکات کە ریزبەندى 18،19  لەو لیستەى لە بڕیارى پێشوو باسکراوە، حوکمەکانى بڕیارەکە نایانگرێتەوە و تەنیا ناوى ئەو کەس و گرووپانە دەگرێتەوە کە پەیوەندیدارن بە داعش و رێکخراوى قاعیدە، بڕگەى دووەم دەڵێت: "ریزبەندی 18 و 19 لەو لیستەی لە بڕیاری 61ی لیژنەکە بڵاوکرایەوە، دەسڕدرێنەوە".
 
ئەو راستکردنەوەیە دواى ئەوە هات کە لە ژمارە 4848ی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە 17ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، سێ جار ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی و چوار جار ناوی ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن وەک بەشدار لە کاری تیرۆریستی هاتووە، بەڵام دواتر حکومەت و لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان ئاماژەیان بەوەدا کە ناوی ئەو دوو گرووپە بە هەڵە و بەبێ هەڵاوێرکردن هاتووە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق بە رووداوى راگەیاند: بڕیارە نوێکەى لیژنەى بلۆککردنى پارەى تیرۆریستان، بڕیارە کۆنەکە دەسڕێتەوە و هەر بڕیارێکى نوێ لە رۆژنامەى وەقائعیى عێراق بڵاو بکرێتەوە بۆ راستکردنەوەى بڕیارێکى دیکە کار بە بڕیارە نوێیەکە دەکرێت.
 
4ی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلەی پێکهێنا لەبارەی ئەو پرسە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو هەڵەیەی بڕیاری لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان، بەوپێیەی گوایە عێراق تەنیا داوای کردووە موڵک و ماڵی چەند کەس و گرووپێکی سەر بە رێکخراوی داعش و قاعیدە بلۆک بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە