رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان سەرکەوتووبووە لە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەیەک لە بەرژەوەندی عێراق، کە لەلایەن کۆمپانیای AHG ئەڵمانی تۆمارکرابوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی داد، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025 بڵاویکردووەتەوە، دۆسیەکە لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی وەبەرهێنان بووە، کۆمپانیا ئەڵمانییەکە لە بەرامبەر گرێبەستی نۆژەنکردنەوە و بەڕێوەبردنی کارگەی چیمەنتۆی کەرکووک داوای ملیارێک دۆلاری کردووە.
کێبڕکێکارانی وەرگرتنی پڕۆژەکە و واژۆکردنی گرێبەستەکە، کۆمپانیای گشتیی چیمەنتۆی عێراقی، کۆمپانیای AHG، کۆمپانیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەلاحەدین هۆڵدینگ بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمپانیا ئەڵمانییەکە پێی وابووە، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نادادی بەرامبەر کراوە لە پێنەدانی پڕۆژەکەدا، بۆیە لە کێبڕکێی وەرگرتنیدا شکستی هێناوە.
هاوکات هەیسەم محی رازی، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی یاسایی لە وەزارەتی داد رایگەیاند، "وەزارەتی داد لە 2018ـەوە چاودێری ئەو دۆسیەیە دەکات و بەشداربووە لە سەرجەم دانیشتنەکاندا، تاوەکو لە کۆتاییدا ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی وەبەرهێنان، بڕیاریدا بەوەی دۆسیەکە لە بەرژەوەندی عێراقدا کۆتایی پێبهێنێت."
کارگەی چیمەنتۆی کەرکووک، لە ساڵی1983ـەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، توانای بەرهەمهێنانی لە مانگێکدا 60 هەزار تۆن چیمەنتۆیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ