رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تەواو دەبێت. پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ: "رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نابێت".
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 11ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق تەواو دەبێت".
بەگوێرەی دەستووری عێراق، بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندامە لە 329 ئەندامەکەی پەرلەمان.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی گوتی: "لە دانیشتنەکەدا نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتی بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێ".
لەبارەی بایکۆتی لایەنەکانیش هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "تاوەکو ئێستا تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی یاسا بە فەرمی رایگەیاندووە کە بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان ناکەین".
هاوکات شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نابێت. پارتی و دەوڵەتی یاسا و بەشێکی سوننە وەک عەزم و سیادە و لایەنی شیعەی دیکە هەن وەک هاوپەیمانی ئەساسی عێراق بە سەرۆکایەتیغ موحیسن مەندەلاوی و بەشێک لە کۆتاکانیش بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن".
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، "دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لە بنەڕەتدا نایاساییە، چونکە بەگوێرەی مادەی 37ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە سەرۆک و هەردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەزامەندی لەسەر بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان بدەن، بەڵام فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەزامەندی نەداوە و بەبێ رەزامەندی ئەو بەرنامەی کار دانراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ