رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، حیزبەکەی پابەندی ئەو بڕیارەیە کە لەلایەن "چوارچێوەی هاوئاهەنگی"یەوە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەدرێت. هاوکات داواش دەکات پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خێرا بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی نیسانی 2026، کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هیوادارین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ببێتە هۆی ئەوەی بە زووترین کات حکومەتێکی نوێ و کارا لە عێراق پێکبێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو تەحەدییانەی لە عێراق هەن؛ پێویستە دەست لە دەست و چالاک بین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
لەبارەی پرسی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، کاروان گەزنەیی جەختی لە هەڵوێستی حزبەکەی کردەوە و گوتی: "ئێمە وەک یەکێتی پابەندیی تەواومان هەیە بەو کەسەی وەک بڕیاری کۆتایی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رادەسپێردرێت."
نزیکەی ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کراوە؛ تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێندراوە. گوتەبێژی یەکێتی گوتی: "هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستانیش هەنگاوەکان خێراتر بکرێن؛ چونکە هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەردەم تەحەدیی گەورەدان، بۆیە پێویستمان بەوەیە زوو بە زوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک پێکبهێندرێت."
ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی یەکێتی دوای ئەوە دێن، کە ئەمڕۆ نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە پەرلەمان، توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرا. دوای سەرکەوتنی، نزار ئامێدی لەنێو پەرلەمانی عێراق سوێندی یاسایی خوارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ