رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پیرۆزبایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چەسپاندنی پڕۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا.
رۆژی شەممە، 11ی نیسانی 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و هێزە سیاسییەکان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ تەواوکردنی رێڕەوی بونیادنانی دەوڵەت و بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی لە عێراق."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختی لەسەر پێویستیی قۆناخی داهاتوو کردووەتەوە و دەڵێت، "قۆناخی داهاتوو پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و لەپێشینەدانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان هەیە، ئەمەش تەنیا لە رێگەی کارکردن بە گیانی هاوبەشیی راستەقینە لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا بەدی دێت."
ئەمڕۆ دوای دوو گەڕی دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق، نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەدەستهێنانی 227 دەنگ، وەکو یازدەیەمین سەرۆککۆماری عێراق سوێندی دەستووریی خوارد.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، 15 رۆژ وەکو وادەی دەستووری دیاریکراوە، بۆئەوەی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەکو گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق، بەربژێری سەرۆکوەزیران دیاری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ