رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پیرۆزبایی لە نزار محەممەد سەعید ئامێدی دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق و رادەگەیێنێت، ئەم هەنگاوە رێرەوی دیموکراسی و دەستووری لە وڵاتدا بەهێزتر دەکات.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامەکەدا کە ئەمڕۆ 11-4-2026 بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز نزار محەممەد سەعید ئامێدی دەکەین بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆمار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی رێرەوی بەردەوامی دیموکراسی و تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان، هەروەها رێزگرتنە لە ئیرادەی گەل کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەریانبڕی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەم هەنگاوە، چاوەڕێی تەواوکردنی ئەرکە یەکلاکەرەوەکە دەکەن کە ئەویش پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانیی بەهێزە لەژێر سایەی بنەما نیشتمانی و دەستوورییەکاندا.
گوتیشی: "دەبێت حکومەتی نوێ کارەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانی تەواو بکات، پێگەی نێودەوڵەتیی عێراق بچەسپێنێت و رووبەڕووی ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان ببێتەوە، لەوانەش سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا."
سوودانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سوپاسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەندامانی پەرلەمان و هەموو هێزە سیاسییەکانی کرد کە بەشداربوون "لەم دەستکەوتەدا."
هەروەها ستایشی رۆڵی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کرد بۆ پاراستنی کاتە دەستوورییەکان و رێزگرتن لەو وادانەی دەستوور دیاریکردوون.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ هەمووان خواست لە خزمەتکردنی عێراق و هەموو پێکهاتەکانیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ