ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕینی بودجەی کەرکووک تاوتوێ دەکات

11-10-2017
ئاکام فەهمی
رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووکەوە هەناردە دەکرێن
رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووکەوە هەناردە دەکرێن
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-

رووداو - بەغدا

دوای دەرکردنی 12 بڕیار لەدژی كوردستان، بە بیانووی نەبوونی پارێزگار، بڕینی بودجە و مووچەی كەركووك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ دەكرێت.
  
رەزاق حەیدەری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "نەبوونی پارێزگار لە شارەكە، واتا نەدانی مووچە و بودجەی كاروباری ئیداری و دارایی پارێزگا، هەروەها بودجەی بەڕێوەبەردن خەرج ناكرێت، چونكە هەمووی پەیوەستە بەواژۆی پارێزگارەوە".

لیژنەی دارایی بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەت، ساڵانە گفتوگۆ لەسەر بودجە دەكەن و، پشكی كەركووكیش هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە دیاری دەكرێت، لیژنەکەش بەرپرسی یەكەمە لەبڕینی بودجەی هەر پارێزگایەك.

هەیسم جبووری، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "هەر پارێزگایەك ئەگەر زەرەرمەند بێت بۆ بودجەی گشتیی وڵات، یان داهاتی خۆی بە حكومەتی ناوەندی نەدا، ئەوكاتە حكومەت مافی خۆیەتی بودجەی ئەو پارێزگایە یاخوود ئەو هەرێمە رەوانە نەكات".

جێگیرنەكردنی بودجەی كەركووك لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018، هێشتا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە و، پێویستی بەزۆرینەی دەنگەكانە لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان.

عوسمان تاهیر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "ئەگەر حكومەتی عێراق بودجەی كەركووكی نەنارد، ناچار دەبن ئەو نەوتە كە دەدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ، بدەنە كۆمپانیای دیكە بۆ ئەوەی فشار دروست نەبێت. لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی باشی بۆ كەركووك خەرجکردووە".

لە كەركووك نزیكەی حەوت گێڵگەی نەوتی خاو هەن، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، بەپێی داتاكان ئەو رێژەیە بەشی مووچە و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگاكە دەكات.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە