رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەکێتیی ئەورووپا بە رووداوی گوت، نێردەیەکی بۆ شرۆڤەی پرۆسەکە ناردووە و داوای لە هەموو هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەتی گەنجان کرد، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە دەنگداندا بکەن، چونکە "سەقامگیریی عێراق بۆ سەقامگیریی یەکێتیی ئەورووپا گرنگە."
رۆژی سێشەممە 2025/11/11 گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو وردەکاریی رۆڵی یەکێتییەکەی لەم هەڵبژاردنە و پەیامی بۆ خەڵکی عێراق خستەڕوو.
سەبارەت بە رۆڵی یەکێتیی ئەورووپا لەم هەڵبژاردنەدا، گوتەبێژەکە رایگەیاند: "لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە فیدراڵییەکەی عێراق، یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بانگێشتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، نێردەیەکی شارەزایانی هەڵبژاردنی ناردووە."
گوتەبێژەکە روونیکردەوە کە ئەم نێردەیە لە سێ شارەزا پێکدێ کە لە بەغدا دەبن و ئەرکیان شرۆڤەکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت و گوتی: "مەبەست لێی کۆکردنەوەی زانیاریی راستەقینەیە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە رێگەی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان."
لە کۆتاییدا، راپۆرتێکی کۆتایی لەگەڵ راسپاردە پێشکێشی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری عێراق دەکرێ.
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا پەیامێکی ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە مافی دەنگدانیان هەیە و گوتی: "دەنگی خۆتان بدەن. ئەمە دەتانباتە پێگەیەکی بەهێزترەوە."
یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەتی جەختی لەسەر رۆڵی گەنجان کردەوە و رایگەیاند: "گەنجانی عێراق رۆڵێکی تایبەتیان هەیە. بە دەنگدانیان، دەتوانن بەشداری لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەیاندا بکەن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانیان لە حکومەتی داهاتوو، گوتەبێژەکە جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی خەڵک کردەوە و گوتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە هانی عێراقییەکان بدەین بۆ دەنگدان. بەشداریی بەهێز، رەوایەتیی پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو بەهێز دەکات."
یەکێتیی ئەورووپا بەرژەوەندییە ستراتیژییەکەی خۆی لەم پرۆسەیەدا خستەڕوو و گوتی: "لە نێوەندی دۆخێکی جیۆسیاسیی پڕ لە ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەقامگیریی عێراق بۆ سەقامگیریی یەکێتیی ئەورووپا گرنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ