رووداو دیجیتاڵ
لە بەیانی ئەمڕۆوە کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە شاری هەولێر لەبارەی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا دەستیپێکردەوە.
شاندەکەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراقە و نوێنەری تیمی ئەسیکۆدا، تەکنیککارانی دەستەی گشتیی گومرگەکانی فیدراڵ و بەشی یاسایی کاروباری گومرگی لەخۆدەگرێ.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، رۆژی یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026 رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بەرچاو پاڵپشتی لە گەشەپێدانی کاروباری گومرگی لە هەرێمی کوردستان دەکات. ئامادەیە شارەزایی تەکنیکی خۆی پێشکێشی بکات بە ئامانجی بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی لە هەموو دەروازە و خاڵە سنوورییەکانی وڵاتدا".
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق و سەرۆکی شاندی حکومەتی عێراق بۆ کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنی کۆتایی دەکرێ و دواتر ئەنجامەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بەرز دەکرێنەوە، چونکە تێڕوانینی نزیکبوونەوە بۆ ئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان لە بنەڕەتدا لەلایەن ئەو ئەنجوومەنەوە سەرچاوەی گرتووە".
سامی جەلال، راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، شاندەکانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا گەیشتنە رێككەوتن و گوتبووشی: "لە جێبەجێكردنی سیستمەكەدا هەموو یاسا و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان رەچاو کراون."
هاوکات سامی جەلال باسی لەوەشکردبوو، رۆژی یەكشەممە 12-4-2026 لە هەولێر كۆبوونەوەیەك لەنێوان هەردوو لایەنی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دەكرێ و رۆژی دواتر هەردوو شاندەكە دەچنەوە بەغدا و لە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق رێككەوتنەكە واژۆی كۆتایی دەكرێ."
راوێژكارەكەی وەزارەتی ناوخۆ كە سەرپەرشتی كارەكانی ئەسیكۆدای لە لایەنی هەرێمی کوردستانەوە دەکات، ئەوەشی روونكردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی سیستمی ئەسیكۆدا دەكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ