رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی سووریا و قایمقامی قەزای قائیم رایدەگەیێنن، رۆژی شەممە دەروازەی سنووریی نێوان هەردوو وڵات دەکرێتەوە.
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، رۆژی پێنجشەممە، 12ی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە، کە رۆژی 14ی مانگ، بە فەرمی دەروازەی سنووریی قائیم لەگەڵ سووریا بۆ گەشتیاران و بازرگانی و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەکرێتەوە. هەموو ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکە تەواو بووە، ئەگەر هیچ پێشهاتێک روونەدات، ئەوا چاوەڕوان دەکرێت شەممە بکرێتەوە.
دەروازەی قائیم، بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور.
قایمقامی قەزای قائیم گوتی، دەروازەی قائیم یەکێکە لە "دەروازە گرنگەکان"ـی عێراق، کردنەوەی کاریگەریی گرنگی لەسەر جووڵە بازرگانی و ئابوورییەکانی عێراق بەگشتی و پارێزگای ئەنبار بەتایبەتی دەبێت.
هەر لەوبارەوە، دەستەی گشتیی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا رۆژی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە دەروازەی سنووریی ئەلبوکەمال لەگەڵ عێراق، رۆژی شەممەی داهاتوو 12ی حوزەیرانەوە، بە رووی هاتووچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکاندا دەکرێتەوە.
دەستەکە جەختی لە ئامادەیی تەواوی ستاف و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی دەروازەکە کردەوە و داواشی لە گەشتیاران و شۆفێری بارهەڵگرەکان کرد پابەندی رێنمایی و رێکارە پەسندکراوەکان بن بۆ مسۆگەرکردنی ئاسانیی هاتووچۆ و سەلامەتی.
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەرواز سنوورییەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری ئەو راگەیێندراوەی لایەنی سووریان، ئەمە تایبەتە بەخۆیان؛ بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە بە فەرمی هیچ-مان بەدەست نەگەیشتووە".
لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، واتە لە رۆژی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد-ەوە، دەروازەی قائیم داخراوە، دواتر رێگە تەنیا بۆ هاتووچۆی تایبەت و مرۆیی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ