رووداو دیجیتاڵ
ئاستی ئاوی کۆگاکراوی بەنداوی عوزێم لە پارێزگای دیالە، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و بۆ خوار 10% دابەزیوە.
عەبدولجەبار عوبەیدی، بەڕێوەبەری ناحیەی عوزێم بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، ئێستا 15 مەتر سێجا لە چرکەیەک ئاو بۆ خەڵکی بەردەدەنەوە، ئەو ئاوەی لە بەنداوەکە ماوەتەوە 130 ملیۆن مەتر سێجایە، ئەوەش کەمترە لە 10%ی توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکەیە.
بەڕێوەبەری ناحیەی عوزێم دەڵێت، بەهۆی نەبوونی ئاو ئەم وەرزە ئاوی بەنداوەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، ئاویش ناگاتە بەنداوەکە.
بەنداوی عوزێم، دەکەوێتە سەر رووباری عوزێم و 133 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا لە سنووری پارێزگای دیالەوە، پرۆژەیەکی ئاودێرییە، کۆنترۆڵی بەرزبوونەوەی ئاوی رووباری عوزێم دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کشتوکاڵ سوودی لێوەردەگیرێت. بەنداوەکە توانای گلدانەوەی ملیارێک و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
دانیشتوانی ناحیەی عوزێم بۆ کشتوکاڵ 100% پشت بە ئاوی بەنداوەکە دەبەستن، سەرچاوەی دیکەی ئاوی خواردنەوەیان نییە.
بەنداوی عوزێم لە 1999 دروستکراوە، لە 17ی نیسانی 2019دا بۆ یەکەمجار سەرڕێژ بوو، ئاوی کۆگاکراو گەیشتە سەرووی ملیارێک و 600 هەزار مەتر سێجا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ