دەستەی ژینگە: بەشێک لە پاڵاوگە نایاساییەکانی دهۆک دەستیان بەکارکردووەتەوە

13-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە نیوەی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر داخراون. ئاماژە بەوەش دەکات، بەشێکی پاڵاوگە نایاساییەکانی دهۆک دووبارە دەستیان بە کار کردووەتەوە.
 
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون، ئێستا 85 یان داخراون".
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کارەبای 24 کاژێری پڕۆژەی رووناکییەوە زیاتر لە هەزار موەلیدە لە هەولێر کوژاونەتەوە.
 
سەنعان عەبدوڵڵا دەڵێت: "بەهۆی کوژرانەوەی موەلیدەکان و داخستنی زیاتر لە نیوەی پاڵاوگەکان، هەبوونی گازە ژەهراوییەکان کەمیان کردووە و لە هەولێر بەچاوی هەست بەوە دەکرێت".
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەی بەوەشکرد: "لە دهۆک 13 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون و هەموویان داخران، بەڵام ئێستا بەشێکیان دەستیان بە کار کردووەتەوە".
 
بە گوتەی سەنعان عەبدوڵڵا، کردنەوەی پاڵاوگەکانی دهۆک بێ پرسی ئەوان بووە و هیچ مۆڵەتێکی ژینگەییان پێ نەداون.
 
لەبارەی سلێمانیشەوە گوتی: "لە سلێمانی پاڵاوگەی نایاسایی نییە، بەڵام گۆڕەپانی تێکەڵکردنی سووتەمەنی هەیە، ئەوێ ئەگەر لەژێر چاودێریدا بێت زیانی بۆ ژینگە نییە".
 
بەگوێرەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنووری هەڵەبجەش نییە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە