رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی، گوایە قسەی محەممەد شیاع سوودانی و چەند کەسێکی نزیکی سەرۆکوەزیرانی عێراقن، بەردەوامە. کەسایەتییەکی نزیک لە سوودانی دەڵێت، ئەو تۆمارانە ساختە و دەستکاریکراون و ئامانج لێیان کەمکردنەوەی پاڵپشتییە جەماوەرییەکانی سوودانییە.
بەها ئەعرەجی، کەسایەتیی نزیک لە محەممەد شیاع سوودانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکان بۆ دروستکردنی دووبەرەکییە لەنێوان سەرۆکوەزیران و دەوروبەرەکەی. ئەگەریش ئامانج لەو کارە سەرۆکوەزیران بێ، شەڕێکە دژی سەرکەوتنەکانی، چونکە سەرۆکوەزیران جەماوەرێکی زۆری هەیە و هەموو پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە هەڵبژاردندا دەنگێکی زۆر بەدەستدەهێنێت."
بە بڕوای بەها ئەعرەجی، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمارانە "هەوڵدان و گرەوکردنە بۆ ئەوەی پاڵپشتییە جەماوەرییەکەی سەرۆکوەزیران کەم بێتەوە."
ئەو کەسەی تۆمارە دەنگییەکان بڵاودەکاتەوە شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراقییە و ناوی نەزار حەیدەرە و گوایە بەشێک لە تۆمارە دەنگییە بڵاوکراوەکان قسەی محەممەد شیاع سوودانی، بەها ئەعرەجی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و چەند کەسێکی دیکەی نزیک لە سوودانین.
یەکێک لە زۆرترین کاردانەوەکان بەرامبەر تۆمارێکە کە گوایە تێیدا ئیحسان عەوادی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە دەکات و دەڵێت، "دەرگاکانی ئەمەریکا بە رووی سیاسییەکانی عێراق داخراوە و لەم کاتەدا هەر کەسێک بتوانێ دەرچەیەک لەگەڵ ئەمەریکا بکاتەوە، ئەو کەسە دەبێتە پێکهێنەری حکومەتی داهاتووی عێراق."
هەر لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەگوترێت، "سوودانی بە هیچ جۆرێک رێگەی پێنادرێ ببێتەوە سەرۆکوەزیران."
ئەو کەسایەتییە نزیکەی سوودانی بە رووداوی گوت، "ئەو کەسەی تۆمارە دەنگییەکانی بڵاوکردووەتەوە نەزار حەیدەرە کە بە رەچەڵەک عێراقییە و هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکایە. ئێمە بە چەند رێکارێک سەلماندوومانە کە تۆمارەکان ساختەن و دروستکراون و لەڕێگەی پارێزەرەوە دەیخەینە بەردەم دادوەر. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کێ ئەم تۆمارانەی دروستکردووە، کاری لەسەر کردوون و ساختەی کردوون؟ ئەگەری هەیە تۆمارە دەنگییەکان بە ژیریی دەستکرد دروستکرابن." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسەی تۆمارەکانی ساختە کردووە عێراقی نییە.
لەبارەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی، بەها ئەعرەجی گوتی، هەدێک لەوانەی دەنگیان بڵاوکراوەتەوە لە دادگەکانی عێراق سکاڵایان تۆمارکردووە.دوو کەسی دیکەش کە هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکین، لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە بواری پارێزەری لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لە ئەمریکادا سکاڵا لە دژی ئەو کەسە تۆمار بکەن.
رۆژی 10ی ئەم مانگەش بەها ئەعرەجی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ڤیدیۆی نەشیاوی خوشکی یەکێک لەوانەی چەند تۆمارێکی دەنگی ساختەی محەممەد شیاع سوودانی و ستافەکەی بڵاوکردووەتەوە، خراوەتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە دژی بەکاربهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ