رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق رایگەیاند، پێویستە قەدەخەی گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا هەڵبگیرێت، چونکە "بەربەستێکی گەورەیە" لەبەردەم گەشەپێدانی پەیوەندییەکاندا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی پێشوازی لە کلیمێنس زیمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارەکانی وەبەرهێنان، بازرگانی، وزە و ژینگە تاوتوێ کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپای کرد بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و رایگەیاند: "هەڵبژاردنەکان بە روونی و بە بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریکردن بەڕێوەچوو، ئەمەش سەرکەوتنی حکومەت لە گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک بە سیستمی سیاسی نیشان دەدات."
سوودانی داوای لە کۆمپانیا ئەوروپییەکان کرد بەشداری لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێداندا بکەن، جەختی لەوە کردەوە کە قەدەخەی گەشتی ئاسمانیی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم گەشەسەندنی گەشتوگوزار و بازرگانیی نێوان هەردوولادا.
قەدەخەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراق ساڵی 1991 سەپێندرا، ساڵی 2009 و بۆ ماوەیەکی کورت ئەو قەدەخەیە هەڵگیرا، بەڵام لە ساڵی 2015دا سەپێندرایەوە.
بەگوێرەی یەکێتیی نێوەدەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، هۆکاری سەرەکیی سەپاندنەوەی قەدەخەکە پابەندنەبوونی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بوو بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتیی فڕۆکەوانی، کە لەلایەن یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA) و ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی ئەورووپا دانراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، 79%ـی رێکارەکانیان بۆ ئەو مەبەستە تەواوکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ