رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەروازەی سنووری رەبیعە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی 20ی ئەم مانگە دەروازەی سنووری رەبیعە لەگەڵ سووریا بکرێتەوە".
دەروازەی سنووریی رەبیعە، لە دیوی رۆژئاوای کوردستان پێی دەگوترێ تل کۆچەر( کە لە سووریا بە دەروازەی یەعڕوبیە ناسراوە) و لە ساڵی 2014 دوای هێرشەکانی رێکخراوی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، داخرا.
هەر لەوبارەوە، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەمڕۆ بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند: "کردنەوەی دەروازەی سنووریی رەبیعە لە پارێزگای نەینەوا سوودێکی گەورەی دەبێت و دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت".
عومەر وائیلی گوتی، ئەو دەروازەیە "سوودی لێ وەردەگیرێ بۆ ترانزێت، رێگەی گەشەپێدان، هاتووچۆی گەشتیاران، گواستنەوەی کاڵا، ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نەوت".
رۆژی 9ی نیسانی 2026، سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم مانگە دەروازەی سنووریی رەبیعە دەکرێتەوە.
دەروازەی رەبیعە 120 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ