سکاڵاکەی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی کشێندرایەوە

14-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو پارێزەرەی سکاڵایەکی لەبارەی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان پێشکێشی دادگەی فیدراڵی کردبوو، سکاڵاکەی پووچەڵ دەکاتەوە و دەڵێت، لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی ئەو کارەی کردووە. 
 
بەرهەم رەئووف عەلى، پارێزەری راوێژکار کە داواکەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پێشکێشکردبوو، بە رووداوی گوت "دووشەممە (13-5-2024) بەفەرمی داوایەکم پێشکێشی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق کرد بۆ پووچەڵکردنەوەی داوا و سکاڵاکەم." 
 
رۆژی 11-05-2024 دادگە باڵای فیدراڵی، یەکەم دانیشتنی سەبارەت بە سکاڵاکە کرد، لە دژى پێنج مەرجى هێنانى ژنى دووەم لە یاسای بارى کەسیێتى تۆمارکرابوو، کە لەدواى هەموارکردنى یاساکە لە پەرلەمانى کوردستان زیاد کراون. دادگا سکاڵاکەی بۆ کۆتایی مانگی حوزەیران دواخستبوو.
 
پارێزەر بەرهەم رەئووف لە دانیشتنى یەکەمى دادگە، کۆنووسێکى زانیارى پێشکێشکرد کە پاڵپشتى سکاڵاکەى بوو، لەوانە ئامارى جیابوونەوە لە ساڵى 2023 لە عێراق. ئەو پارێزەرە گوتی "تائێستا بە فەرمی داوا و سکاڵاکە هەڵنەوەشاوەتەوە، بڕیارە رۆژی 30ـی 6ـی 2024 دادگەکە کۆببێتەوە و بڕیاری لەسەر بدات؛ بەڵام بەپێی یاسا هەر داوایەک هەڵبوەشێتەوە، وەک ئەوەیە هەر نەبووبێت."
 
ئەو پارێزەرە رەتیدەکاتەوە هیچ هەڕەشەیەکی لێکرابێت و لەژێر گوشاردا داواکەی کشاندبێتەوە.
 
گوتیشی "تەنیا ئەوەیە؛ بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران داوای لێکردم سکاڵاکە بکشێنمەوە، گوتی داواکاری و گوشار زۆر کراوە لەلایەن رێکخراوەکانی ژنان و کونسوڵگەریی وڵاتان کە لە هەرێمی کوردستانن. بۆیە منیش لەبەر پێگەی جەنابیان، نەمتوانی داواکارییەکەی رەتبکەمەوە." 
 
بەگوێرەى هەموارەکەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە مادەی 7ـی یاساکەدا کراوە، هێنانى ژنى دووەم بەبێ رەچاوکردنى ئەو مەرجانە، سزاکەى بەندکردنە بۆ ماوەى ساڵێک بەبێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت، 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
 
ئەو مەرج و سزایانەى لە هەرێمى کوردستان بۆ هەموارى یاسای بارى کەسیێتى ژمارە 188ـی ساڵى 1959 زیاد کراون، لە عێراق نین. لە یاساکەی عێراق تەنیا دوو مەرج هەن بۆ هێنانى ژنى دووەم، کە بریتین لەوەی؛ کچەکە گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵی، دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە