کۆمیسیۆن: 106 حیزب بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن

14-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لە کۆی 338 حیزب و 66 هاوپەیمانیی تۆمارکراو، 106 حیزب و 7 هاوپەیمانی خواستیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەربڕیوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایار جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەو کاتەوە لە ساڵی 2015ـەوە فەرمانگەى پارت و رێکخراوەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دروستبووە، رێگەدان بە 338 حیزب دراوە. ئەو حیزبانەشی لە پرۆسەی دروستبووندان ژمارەیان 61 حیزبە."
 
جومانە غەلای گوتیشی، "هەر لە 2015ـەوە 66 هاوپەیمانی تۆمارکراون و 7 هاوپەیمانی نوێش لە پرۆسەی خۆتۆمارکردن و دروستبووندان."
 
لەبارەی بەشدارانی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "106 حیزب، 7 هاوپەیمانی و 10 لیست خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەربڕیوە."
 
جومانە غەلای دەشڵێت، "لە رۆژانی پشووشدا تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانییەکان بەردەوامە و تاوەکو 20ی ئەم مانگە دەرگەی خۆتۆمارکردن کراوەیە."
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى 2025ى دیاری کردووە بۆ بەڕێوەچوونی رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق.
 
بۆ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمان، عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کراوەتە 18 بازنەی هەڵبژاردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە