رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ بارانی بەخوڕ، چەند پارێزگایەکی عێراق پشوویان راگەیاند و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو خرانە ئامادەییەوە.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتەکانی کەشناسی، بارانی بەلێزمە بەشی زۆری پارێزگای نەینەوای گرتوەتەوە، بۆیە بڕیاردرا ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت لەم پارێزگایە پشوو بێت.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ کاری پێویست نەبێ لە ماڵەوە دەرنەچن.
هاوکات پارێزگای موسەنناش بە هەمان هۆکار ئەمڕۆی کردە پشوو و پارێزگاری بەغداش داوای کاراکردنی "شانەی قەیرانەکان"ی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێک.
لەلایەکی دیکەوە حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت کە هاوکات وەزیری کارەبایە بەوەکالەت، فەرمانی بە کارمەندانی وەزارەتی کارەبا کرد کە لە ئامادەبایی تەواودا بن بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی شارەوانییەکان لە کاتی بارانباریندا.
وەزیری کارەبای عێراق گوتی، پێویستە کارەبای پڕۆژەکانی ئاو، وێستگەکانی ئاوەڕۆ و نەخۆشخانەکان بەردەوام بێت و بەهیچ شێوەیەک نەکوژێندرێتەوە؛ هەروەها داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان و تیمەکانی چاککردنەوە کرد لە بنکەکانیان ئامادە بن بۆ چاودێریکردنی تۆڕەکانی کارەبا و وەڵامدانەوەی خێرای سکاڵای هاووڵاتییان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ