رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دوو سکاڵا دژى دەرکردنى مەرسوومى کۆمارى بۆ دوو پارێزگار تاوتوێ دەکات کە ئێستا دەستبەکارن.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانی دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ (دووشەممە، 15ـی نیسان) ئەو دادگەیە دوو سکاڵا تاوتوێ دەکات کە دژى هەردوو پارێزگاری بەسرە و موسەننا تۆمارکراون.
سکاڵایەکیان لەلایەن وەلید شەیال، بەربژێرى لیستى ئیشراقەى کانوون بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى موسەننا دژى سەرۆککۆمار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى موسەننا تۆمارکراوە و تێیدا داوا دەکات مەرسوومى کۆمارى بۆ دانانى موهەننەد عیتابی وەک پارێزگار هەڵبوەشێتەوە.
موهەننەد عیتابی لە پشکى هاوپەیمانیى نەهجى وەتەنى شیعە لە 6ـی نیسان بە زۆرینەى دەنگ لە لایەن ئەنجوومەنى پارێزگاى موسەنناوە وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.
سکاڵاى دووەم لەلایەن عودەى عەواد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى فەتح دژى سەرۆککۆمار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا تۆمارکراوە دژى دەرکردنى مەرسوومى کۆمارى بۆ ئەسعەد عیدانی، پارێزگارى بەسرە و داوای کردووە؛ فەرمانێکى کاتى دەربکرێت بۆ راگرتنى جێبەجێکردنى ئەو مەرسوومە تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلایی دەکرێتەوە.
5ـی نيسان، ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە بۆ دووەمجار لەدواى یەک بە زۆرینەى دەنگ ئەسعەد عیدانی، سەرۆکى هاوپەیمانییی تەسمیمی وەک پارێزگارى بەسرە هەڵبژاردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ