رووداو دیجیتاڵ
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق نامەیەکی لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە پێگەیشت. وەکو نووسینگەکەی دەڵێت، نامەکە تایبەتە بە "بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاوئاهەنگیکردن لە پرسە گرنگەکاندا."
نامەکەی پووتین لەلایەن میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆشکی سەلام پێشکێشی سەرۆککۆماری عێراق کرا.
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق بڵاویکردەوە، "لە دیدارەکەدا بۆگدانۆڤ سڵاوی سەرۆکی رووسیای گەیاندە سەرۆککۆمار، هیوای سەرکەوتنی لووتکەی بەغدا و بەدیهاتنی ئەو ئامانجانەی خواست کە لووتکەکەی لە پێناودا دەبەسترێت."
وەک نووسینگەکەی دەڵێت، "لەتیف رەشید سڵاو و سوپاسی ئاراستەی ڤلادیمیر پووتین کرد و ئاماژەی بە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد، ئەوەش لە رێگەی کاراکردنی رێککەوتنەکان و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، بە شێوەیەک لەگەڵ خواستەکانی هەردوو گەل گونجاو بێت."
لەتیف رەشید گوتوویەتی، لووتکەی بەغدا "ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە رێگەی پشتگیریکردنی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەنێو هەمووان."
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "عێراق لە ئاستە جیاوازەکاندا سەقامگیری نێوخۆیی هەیە و خاوەنی پەیوەندییەکی نایابی نێودەوڵەتییە کە ئەوەش وادەکات رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و چەسپاندنی سەقامگیری هەرێمایەتی."
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لە خواستی رووسیا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و گەلەکەی کردووەتەوە، تاوەکو دەگەنە ئامانج و خواستەکانیان."
لووتکەی کۆمکاری عەرەبی رۆژی 17ـی ئایار لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ