رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ناسراو بە هیومن رایتس وۆچ راپۆرتی ساڵانەی بڵاوکردەوە. رێکخراوەکە لە راپۆرتە 550 لاپەڕەییەکەیدا ئاڵنگارییەکانی بواری مافی مرۆڤ باس دەکات، لەوانەش لە عێراق.
رێکخراوەکە لە بارەی عێراقەوە دەڵێت، "پار عێراق دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی، بەرەوپێشچوونی لە دۆخی ئەمنی و سەقامگیرییدا بەخۆیەوە بینی، بەڵام کێشەی جیدی بەردەوام بوون، لەوانەش خۆدزینەوە لە سزا، سنوورداریی دادپەروەری، کەمبوونەوەی ئازادییە مەدەنییەکان، یاسای تووندی جیاکاری کە کاریگەری لەسەر ژن، منداڵ و پێکهاتەکان هەبوو؛ هەروەها خراپیی خزمەتگوزارییە حکومییەکان."
لە ئابی 2024دا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پلانی نیشتمانیی گەشەپێدانی عێراقی (2024-2028) راگەیاند کە ئامانج لێی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، پەرەپێدانی نەوت و گاز و گونجاندنی لەگەڵ دیدگای گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکانی 2030 بوو، "بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر داهاتی نەوت، پێدانی مووچە و دواکەوتنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، گرژییە سیاسییەکانی قووڵتر کردەوە."
رێکخراوەکە دەڵێت، "لە ساڵی 2024دا دەسەڵاتداران سنووردارکردنی مافەکانیان تووندتر کرد، لەوانەش یاسایەک بۆ تاوانبارکردنی هاوڕەگەزخوازی، رەشنووسی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی و رەشنووسی یاسایەک بۆ سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە زانیاری. سەرکوتکردنی تووندی خۆپێشاندان و دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانان لەکاتی رووماڵکردنی خۆپێشاندانەکان بەردەوام بوو."
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا داوە و دەڵێت، "تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چڕتر کردەوە. بەگوێرەی رێکخراوی (CPT)، هێزەکانی تورکیا 15 کیلۆمەتر چوونە نێو پارێزگەی دهۆک و دانیشتووانی لانیکەم 162 گوندیان ئاوارەکرد و موڵکی هاووڵاتیانیان وێران کرد. بەپێی راپۆرتەکان، هێرشی درۆنیی تورکیا سێ رۆژنامەڤان و هەشت هاووڵاتی کوشت".
راپۆرتەکە باسی بۆردوومانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد لە کانوونی دووەم دەکات و دەڵێت، "مووشەکێکی ئێرانی ماڵێکی لە هەولێر پێکا و چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەی بریندار کرد. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، گوایە مووشەکەکە ناوەندێکی سیخوڕی مۆسادی کردووەتە ئامانج، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی رەتکردەوە."
مافی ژن لە عێراق
راپۆرتەکە لەبارەی مافی ژنان قسە دەکات و دەڵێت، بەهۆی پیاوسالاری لە سیستمی یاسایی وڵاتەکەدا، ژنان و کچان بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. یاسای سزادانی عێراق رێگە بە تووندوتیژیی پیاوان دژی ژنان دەدات پیاوان بێ سزا بمێننەوە، لەوانە ئەو بڕگانەی کە رێگە بە هاوژینەکان دەدەن ژنەکانیان سزا بدەن و دایک و باوکان منداڵەکانیان تەمبێ بکەن؛ هەروەها سزای سووکتر دەدات بۆ کارە تووندوتیژەکان، لەوانەش کوشتن، ئەگەر بۆ "هۆکاری نامووس" ئەنجام درابێت.
یاساکە رێگە بە دەستدرێژیکەران یان ئەوانەی دەستدرێژیی سێکسی دەکەن دەدات خۆیان لە دادگایی بدزنەوە، یان سزاکانیان کەم بکرێتەوە ئەگەر قوربانییەکەیان مارە بکەن.
هەروەها پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی کردووە کە دەسەڵاتی هاوژینی و میرات دەداتە دەست دەسەڵاتە ئایینییەکان لەبری دەوڵەت. ئەگەر پەسند بکرێت، ئەم هەموارکردنە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر مافی ژنان دەبێت، پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی دەکات و پاراستنی یاسایی پەیوەست بە جیابوونەوە و میرات لاواز دەکات.
مافی منداڵان
هەر لە راپۆرتەکەدا باسی مافی منداڵان لە عێراقدا کراوە و دەڵێت، هاوژینیی منداڵان لە عێراق لە ساڵی 2003ـەوە لە زیادبووندایە. هەرچەندە یاسای باری کەسێتی عێراق تەمەنی یاسایی هاوژینی بە 18 ساڵ دیاری کردووە، بەڵام رێگە بە کچان دەدات لە تەمەنی 15 ساڵییەوە بە رەزامەندیی دادوەر ژیانی هاوژینی پێکبهێنن.
بەگوێرەی ئاژانسی یونیسێف، 28%ی کچان لە عێراق پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوژینی پێک دەهێنن و 22%ی هاوژینییە تۆمارنەکراوەکان کچی خوار تەمەنی 14 ساڵیان تێدایە.
هەژاری، نائارامی و سنوورداریی خوێندن بۆ کچان لە زیادبوونی رێژەی هاوژینیی منداڵان هۆکارن. هاوژینیی منداڵان و دووگیانی پێشوەختە، مەترسیی جیدی لەسەر تەندرووستی، خوێندن و سەلامەتی دروست دەکەن.
لە تشرینی دووەم، پەرلەمانی عێراق رەشنووسی یاسای پاراستنی منداڵانی پەسند ەکرد کە لە حوزەیرانی 2023 پێشکێش کرابوو. ئەگەر پەسند بکرێت، دەبێتە یەکەم یاسای پاراستنی منداڵان لە وڵاتەکەدا و چارەسەری کێشەکانی وەک کارکردنی منداڵان، بەکارهێنان و دەستدرێژی دەکات، لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان لە ژیان، تەندرووستی، خوێندن و هاووڵاتیبوون.
سزای لەسێدارەدان
رێکخراوەکە دەڵێت، یەکێک لە بەرزترین ژمارەکانی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی جیهان لە عێراقە. نزیکەی 8,000 زیندانی هەن کە زۆربەیان بە تۆمەتی تیرۆر حوکم دراون و چاوەڕێی لەسێدارەدان دەکەن.
لە ساڵی 2024دا سەرەڕای کەموکوڕییەکانی سیستمی دادوەری لەسێدارەدان هەر بەردەوام بوو، وەک رەتکردنەوەی دادگایی دادپەروەرانە و دانپێدانان لە ژێر ئەشکەنجە.
لە 25ی کانوونی یەکەمی 2023دا 13 پیاو لە زیندانی ناسرییە لەسێدارەدران، کە یەکەم لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بوو لە ساڵی 2020ـەوە؛ چەندین لەسێدارەدانی بەکۆمەڵیش لە 2024 هەبوون، لەوانە 13 کەس لە 22ی نیسان. حکومەت ئاماری گشتی لەسێدارەدان بڵاوناکاتەوە و لەسێدارەدانەکان بێ ئاگادارکردنەوەی خێزانی زیندانییەکان یان پارێزەرەکانیان جێبەجێ دەکات.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستاندا 466 کەس چاوەڕێی لەسێدارەدان دەکەن. لە ساڵی 2008ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کردەوە سزای لەسێدارەدانی هەڵپەساردووە و تەنیا لە چەند دۆخێکی پێویستدا رێگەی پێداوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان
حەوت ساڵ دوای کۆنترۆڵکردنی دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش، نزیکەی 1.1 ملیۆن عێراقی هێشتا ئاوارەن، زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن.
لە کانوونی دووەمدا حکومەتی عێراق 30ی تەمموزی وەک دوامۆڵەت دیاریکرد بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و بۆ هاندانی گەڕانەوەش پاکێجی هاوکاری پێشکەش کرد. پاکێخەکە بریتییە لە پێدانی 4 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هەر خێزانێک، دامەزراندنی حکومی، سوودەکانی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و قەرزی بێسوود بۆ پرۆژە بچووکەکان.
"لەنێوان 3ی نیسان و 29ی ئاب، 7,699 خێزان کەمپەکانیان جێهێشت، زۆربەیان گەڕانەوە پارێزگەکانی نەینەوا و سەڵاحەدین. لە تەمموز، دوایین کەمپ لە سلێمانی داخرا، بەڵام رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (HRW) و رێکخراوەکانی دیکە نیگەرانییان دەربڕی لەوەی داخستنی خێرای کەمپەکان دەکرێت زیان بە مافی ئاوارەکان بگەیێنێت. ئەوان کێشە بەردەوامەکانی ئەمنی، هێواشیی ئاوەدانکردنەوە، نەبوونی هەلی کار، کێشەی موڵکایەتی و ترس لە تۆڵەسەندنەوەی کۆمەڵگە خۆجێییەکانیان وەک بەربەستی بەردەم گەڕانەوە ئاماژە پێکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ