رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، جەخت لە پێویستیی یەکڕیزیی نیشتمانی دەکاتەوە و داوا لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە پشتبەستن بە دەستوور، کێشەی هەناردەکردنی نەوت چارەسەر بکەن و دەشڵێت "ئاماژەی ئەرێنی" لە هەردوولاوە بەدی دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە 17ی ئاداری 2026، "لەم بارودۆخە هەستیارەی وڵاتەکەمانی پێدا تێدەپەڕێت، جەخت لە پابەندبوونمان بە یەکڕیزیی نیشتمانیی هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەینەوە و پێویستە لە ناکۆکییە لاوەکییەکان دووربکەوینەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی ناکەن؛ ئەم قۆناخە پێویستی بە تەبایی و یەکگرتوویی زیاترە، نەک پارچەبوون و دابەشبوون."
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، "دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق کارێکی گرنگە و بەرژەوەندیی باڵای وڵاتی تێدایە، لەو چوارچێوەیەدا داوا لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هاوئاهەنگیی تەواو بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو بۆ دەرەوەی عێراق."
سەرۆکایەتیی کۆمار داوا لە هەردوولا دەکات پێکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستوور و یاسادا بگونجێت و خزمەت بە هەموو گەلی عێراق بکات.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بە بوونی "ئاماژەی ئەرێنی" لە لایەن هەردوو حکومەتەوە کرد و هیوای خواست ئەم هەنگاوانە پەرەیان پێبدرێت بۆ جێگیرکردنی دۆخی ئابووری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری وڵاتدا.
لە بەشێکی دیکەدا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، داوا لە پەرلەمان دەکات دەکات "بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن و بەرژەوەندیی نیشتمان بخەنە سەرووی هەموو شتێکی دیکە و دووربکەونەوە لە دروستکردنی ناکۆکی."
لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتیی کۆمار جەخت دەکاتەوە کە کرۆکی سیستمی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوکاریی نێوان هەموو دەسەڵات و پێکهاتەکان داڕێژراوە، ئەمەش داوا لە هەمووان دەکات بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە کار بۆ بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و یەکگرتوویی نیشتمانی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ