رووداو- هەولێر
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا داوا دەکات گەرەنتی پێشوەختە لە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق وەربگیرێت بۆ بردنەدەرەوەی هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک.
عالییە نوسێف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکات، گەرەنتی پێشوەختە لە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، کە کورد دەبێت، وەربگیرێت بۆ بردنەدەرەوەی هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک و ئەو ناوچانەی بە گوتەی خۆی، کە "چەکدارانی بارزانی" دەستی بەسەردا گرتوون.
لە بەیاننامەکەیدا عالییە نوسێف ماددەی 67ـی دەستووری عێراق دەکاتە بنەمای داواکەی و دەڵێت، "بەپێی دەستوور، سەرۆک کۆمار زامنی یەکپارچەیی عێراق و پاراستنی خاکەکەیەتی، لەبەر ئەوە دەبێت کوتلە سیاسییەکان گەرەنتی لە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق وەربگرن، کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا هێزە چەکدارەکانی سەر بەبارزانی ئەو ناوچانە جێبهێڵن و نامەیەکی دڵنەوایی رابگەیەنێت، کە مانەوەی هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک کاتییە و تەنیا بۆ پارێزگاری بووە لە ناوچەکە لە هێرشەکانی داعش و دواتر چۆڵی دەکات".
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا، لە حاڵەتی وەرنەگرتنی ئەو گەرەنتییە لە سەرۆک کۆماری نوێ، بەرپرسیارییەتی دابەشبوونی عێراق دەخاتە ئەستۆی پەرلەمان و ئەوان بە بەرپرس دەزانێت لەهەر دابەشبوونێک.
دوای دەستبەسەر داگرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە شەوی 9لەسەر 10ی مانگی رابردوو، هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان لەهێرشی چەکدارانی داعش چوونە ناو کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکان، کە پێشتر جێگای ناکۆکی نێوان کورد و بەغدابوون.



