رووداو دیجیتاڵ
رووداو دەقی رێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا بڵاودەکاتەوە کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند کرا.
بە گوێرەی رێککەوتنەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات، لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی عێراق 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک دەداتە کۆمپانیاکان.
سەبارەت بە داهاتی نانەوتیش حکومەتی هەرێم بۆ هەر یەک لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران120 ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات، ئەویش لە بەرامبەردا مووچەی هەردوو مانگەکەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێ.
دەقی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق

یەکەم: دۆسیەی نەوت
- حکومەتی هەرێم دەست دەکات بە هەناردەکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێم، 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە، سەرەڕای ئەو زیادەیەی کە لە داهاتوودا لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ـوە بەدەست دێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵیش پابەند دەبێت بە پێدانی (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بە حکومەتی هەرێم، بەگوێرەی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی.
- بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەکاربردنی ناوخۆیی بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، دەبێت حکومەتی هەرێم بەڵێنی پێدانی تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بڕە بدات. لە کاتی پێویستبوونی هەرێمدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بڕێک بەرهەمی نەوتی بۆ دابین دەکات کە هاوتای پاڵاوتنی 15 بەرمیل بێت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، پێداویستیی راستەقینەی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان هەڵدەسەنگێنێت، بەمەبەستی تەرخانکردنی و لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی بەرز دەکاتەوە.
دووەم: دۆسیەی داهاتی نانەوتی
- حکومەتی هەرێم بڕی 120 بۆ هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات.
- تیمێکی کار لە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم پێکدەهێنرێت، بەمەبەستی وردبینیکردنی داهاتی نانەوتی و پۆلێنکردنیان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لێی، لە ماوەی مانگێکدا وەک دوا وادە و کاری پێدەکرێت.
- وەزارەتی دارایی دەستبەجێ دەست دەکات بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران و مانگەکانی دواتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ