رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ، تیمە پسپۆڕەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق، دەستیان بە قۆناخی یەکەمی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی "خەسفە" لە پارێزگای نەینەوا کرد، کە بە یەکێک لە گەورەترین و سامناکترین ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دادەنرێت کە لەدوای تاوانەکانی رێکخراوی داعش بەجێماون.
ئەحمەد قوسەی ئەلئەسەدی، بەرپرسی تیمی گەڕان و پشکنین بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بە رووداوی راگەیاند: "تیمەکانمان دەستیان بە قۆناخی یەکەم کردووە کە بۆ ماوەی 15 رۆژ دەخایێنێت. کارەکانمان بریتین لە کۆکردنەوەی بەڵگە و ئەو ئێسک و پرووسکانەی لەسەر رووی زەوی و لە دەوروبەری گۆڕەکەدا هەن، ئەمەش لە چوارچێوەی رووپێوییەک بە تیرەی 100 مەتر لە دەوری چەقی گۆڕەکەوە."
ئەلئەسەدی ئاماژەی بەوەشکرد، کاری هەڵدانەوەی تەواوەتیی گۆڕەکە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، لەوانە بوونی ئاوی گۆگردی لەژێر گۆڕەکەدا و هەروەها بۆمبی نەتەقیوە کە تێکەڵی رووفاتەکان بووە. گوتیشی: "ئەمە وایکردووە هەڵدانەوەی قووڵایی گۆڕەکە پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتی، تیمی ئەندازیاری و بەرگریی شارستانی هەبێت."
پلانی قۆناخی دووەم دوای توێژینەوەی زانکۆکانی نەینەوا و موسڵ لەسەر سرووشتی زەوییەکە دادەنرێت.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکان، ئەو بەرپرسە عێراقییە دووپاتیکردەوە، ئێستا ناتوانرێت هیچ ژمارەیەکی ورد دیاری بکرێت. گوتی: "هەرچەندە زانیارییەکان باسی بوونی هەزاران رووفات دەکەن، بەڵام ناتوانین ئەمە پشتڕاست بکەینەوە تاوەکو کاری هەڵدانەوەکە تەواو دەبێت." ناسنامە و رەگەزی قوربانییەکانیش تەنیا دوای پشکنینی پزیشکیی دادی و بەراوردکاریی DNA یەکلایی دەبنەوە.
لە پارێزگای نەینەوا تاوەکو ئێستا 94 گۆڕی بەکۆمەڵ لە کۆی 130 گۆڕی دۆزراوە هەڵدراونەتەوە و کارکردن لەسەر ئەوانەی ماونەتەوەش بەپێی پلانی ساڵانە بەردەوام دەبێت، کە تێیدا بارودۆخی ئەمنی و کەشوهەوا لەبەرچاو دەگیرێت.