رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، بنکەی ئاسمانیی کەرکووک بە هاوەن هێرشی کراوەتە سەر و بەهۆیەوە ئاگر لەنێو بنکەکەدا کەوتووەتەوە. دەشڵێت: هیچ هێزێکی بیانی لەو بنکەیەدا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی هێرشەکەی دوێنێی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی کەرکووک ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "بنکەکە رووبەڕووی هێرشێکی نامەردانە بووەتەوە و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان توانیویانە بە خێرایی کۆنترۆڵی بکەن و رێگری لە کەوتنەوەی زیانی گیانی بگرن."
وەزارەتی بەرگری رایگەیاندووە، بنکەی ئاسمانیی کەرکووک "تەواو عێراقییە" و چەندین فڕۆکەی جەنگیی وڵاتەکەی تێدایە و تەنیا کادیر و فڕۆکەوانی نیشتمانی تێدا کار دەکەن؛ دەشڵێت: "هیچ هێز یان کادیرێکی بیانی لەنێو بنکەکەدا بوونی نییە."
هەردی ساڵەیی، بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، لەبارەی کاریگەریی هێرشەکە لەسەر بەشی مەدەنی بە رووداوی گوت: "هیچ زیانێک بەر بەشی فڕۆکەخانەی مەدەنی نەکەوتووە."
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەم هێرشەی وەک "هێرشێکی راستەوخۆ بۆ سەر تواناکانی فڕۆکەوانیی سوپا" وەسف کرد و رایگەیاند، "ئەم کارە دووژمنکارییانە ئامانجیان لاوازکردنی توانای بەرگریی وڵاتە و پێویستە بە تووندی رووبەڕووی هەر کەسێک ببنەوە کە یاری بە ئاسایش و سەروەریی عێراق دەکات."
سێشەممە، 17ـی ئادار، کاتێک دەنگۆی هێرشەکە بڵاوبووەوە، پۆلیسی کەرکووک رەتیکردەوە هیچ هێرشێک کرابێت و بە رووداوی راگەیاندبوو، "تەنیا رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بووە،" بەڵام راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی بەرگری هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ