دادگەى فیدراڵیى عێراق لەبارەى ناردنى 400 ملیارەکەی هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە

18-06-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دانیشتنێکى دیکە لەبارەى ئەو سکاڵایە دەکات کە لە دژى ناردنى 400 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمى کوردستان لە تۆمارکراوە.
 
بڕیارە سبەى دووشەممە، 19ى حوزەیرانى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سێیەم دانیشتن لەبارەى سکاڵایەکەوە بکات کە لەلایەن مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمارکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى دوو بڕیارى حکومەتى عێراق بۆ ناردنى 400 ملیار دینارەکەى پشکى هەرێمى کوردستان کە یەکەمیان تایبەتە بە ناردنى 400 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى و دووەمیشیان تایبەتە بە ناردنى هەمان بڕە پارە وەکو قەزر لەلایەن بانکى بازرگانیى عێراق (TBI).
 
یەکەم دانیشتنى دادگە لەسەر ئەو سکاڵایە لە 19ى نیسان و دووەم دانیشتنیش لە 23ى ئایار کراوە و وەزارەتى دارایی عێراق کراوەتە لایەنى سێیەم لە دۆسیەکە.
 
پاساوى ئەو پەرلەمانتارە بۆ تانەدان لە بڕیارى ناردنى 400 ملیار دینارەکە ئەوەیە بە گوتەی خۆی، پێچەوانەى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵییە کە لە 25ـى کانوونى دووەمى 2023 دەریکردووە و ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى بە "نادەستوورى" لە قەڵەم دا، کە تایبەتن بە ناردنى بەشێک لە پارەی بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە ساڵانى 2021 و 2022.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە