رووداو – موسڵ
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، كۆڕەوێكی تازەی مەسیحییەكان لە موسڵ دەستپیپێكردووە ، دوای هەڕەشەی گرووپی داعش بۆیان ، بەتایبەتیش كە دوێنێ لە چەند مزگەوتێكی موسڵەوە داوایان لێكرا كە شاری موسڵ بەجێبێڵن ، ئەگەرنا "دەكوژرێن ".
لە مینبەری مزگەوتەكانی موسڵەوە داوا لە مەسیحییەكانی موسڵ كرا ، كە شارەكە بەجێبێڵن ، چونكە گەورەكانی مەسیحییەكانی موسڵ بەدەنگ بانگەوازی "ویلایەتی نەینەوا"ی "خیلافەتی ئیسلامی"یەوە نەچوون بۆ بینینی خەلیفە ئیبراهیم (ئەبوبەكری بەغدادی) ، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوە لەگەڵ خەلیفە ئیبراهیمدا یەكێك لە دوو رێگەكە هەڵبژێرن (موسڵمانبوون ) یان ( سەرانەدان) ، بەپێی بەیاننامەیەك كە هەفتەی رابردوو لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش) بڵاوكرایەوە . هەر لەو بەیاننامەیەدا هاتبوو ئەگەر مەسیحییەكان بە یەكێك لەو دوو رێگەیە رازینەبن "ئەوا جگە لە شمشێر هیچی دیكەیان نابێت"، واتە دەكوژرێن .
بەڵام گەورەكانی مەسیحییەكان لە موسڵ نەچوونە كۆبوونەوە لەگەڵ خەلیفە ئیبراهیم ، بۆیەش ئەو خۆی دوامۆڵەتی دەركەوتن لە موسڵ " سنووری خیلافەتی ئیسلامی" پێدان ، كە دوا مۆڵەتەكە تاوەكو كاژێر 12ی رۆژی شەممە 21ی رەمەزان 19/7/2014ە، كە دەبێ بەسەڵتی موسڵ بەجێبێڵن . لە بەیاننامەكەدا هاتووە " دوای ئەو وادەیە تەنیا شمشێر لەنێوان ئێمە و ئەواندا دەبێت".
مەسیحییەكانی موسڵ لە دوای رووخانی رژێمی سەدام لە 2003ەوە بەردەوام رووبەڕووی هێرشی بەردەوام بوونەتەوە، هاوشێوەی كورد و كوردانی ئێزدی و شەبەك . بەڵام دوای ئەوەی لە شەوی 9/6/2014 داعش دەستی بەسەر موسڵدا گرت ، هەڕەشە لەسەر ژیانی مەسیحیان زیاتربووە .
هەفتەی رابردوو ماڵی مەسیحی و شیعە لە شاری موسڵ دیاریكران لەلایەن داعشەوە بۆ دەستبەسەرداگرتن ، بەكێشانی بازنەیەك و نووسینی پیتی (ن) لەسەر دیواری حەوشەی ماڵە مەسیحییەكان ، وەك نیشانەیەك بۆ ئەوەی كە ئەو ماڵە (نەسرانی)یە، كە خۆیان مەسیحییەكان بەوشێوەیە ناودەنێن ، هەروەها پیتی (ر) لەسەر ماڵە شیعەكان نووسرا، وەك نیشانەیەك بۆ ئەوەی كە ئەو ماڵە (رافیزەیە) ، كە خۆیان شیعە بەو ناوە ناودەنێن .
موسڵ كە 30 كڵیسای لێیە و مێژووی بوونی مەسیحییەكان ، بەتایبەتی كلدانەكان ، لەو شارەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میدییەكان لە پێش زایین . بەڵام ئێستا ئەو ماڵە مەسیحیانەش كە لەو شارەدا ماون ، ناچارن ئەو شارە بەجێبێڵن، كە دوای گیرانی ژمارەیەكی زۆر ماڵە مەسیحی روویانكردە پارێزگای دهۆك و هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ