رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی عەزم رایگەیاند، نووسینگەکەی لە باشووری بەغدا کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بووە.
رۆژی شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، موسەننا سائر عەزاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم، لە راگەیێندراوێکدا، بە ئامانجکردنی نووسینگەکەی و برینداربوونی کەسێکی راگەیاند و بە تووندی سەرکۆنەی کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەی کرد کە نووسینگەکەمانی لە ناحیەی یوسفییە کردە ئامانج و بووە هۆی برینداربوونی یەکێک لە براکانمان، لەگەڵ ئەو کارانەی دواتر کران لە وێنەگرتن و شێواندنی راستییەکان و هەوڵی ناوزڕاندن کە دوورن لە هەموو بەها و رەوشتێکەوە."
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، لە شوێنی رووداوەکە لە ناوچەی یوسفییەی بەغدا، یوسف عەزاوی دواند، ئەو کە کەسوکاری موسەننا عەزاوییە و شایەتحاڵی رووداوەکەیە گوتی، "ئێمە لە نووسینگەکەدا دانیشتبووین، کەسێک بە ئۆتۆمبێلێک هات و وێنەی نووسینگەکەی دەگرت، گوتمان بۆچی وێنە دەگرێت، کەچی ئەو قسەی بە بەڕێز موسەننا گوت و رۆیشت."
یوسف عەزاوی گوتیشی، "کەمێک دواتر خۆی و باوکی هاتن بۆ نووسینگەکە، لەناو نووسینگەکە دەمەقاڵێ دروستبوو و دەمانچەی دەرهێنا و فیشەکێکی لە قاچی ئەیمەن عەزاوی دا کە برای بەڕێز موسەننایە."
یوسف کە شایەتحاڵی رووداوەکە دەڵێت، "دیارنییە کەسەکە سەر بە کوێیە، سکاڵامان تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکرێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، لە راگەیێندراوەکەیدا ئەو کارانەی بە "دەستوەردانی دەرەکی" ناوبرد و گوتی، "ئەم کارانە ساردمان ناکەنەوە لە بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی کەسوکارمان و بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسیاریێتییەوە لەگەڵیان دەبین."
موسەننا سائر عەزاوی، جەختی لەوەش کردەوە، "باوەڕێکی پتەومان هەیە کە یاسا سەروەرە و هێرشکاران زوو یان درەنگ سزای کردەوەکانیان وەردەگرن."
ئەم رووداوە سێ رۆژ دوای کوژرانی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێری لیستی سیادە بۆ پەرلەمانی عێراق دێت، کە لە قەزای تارمییە لە باکووری بەغدا کوژرا.
سەفا مەشهەدانی، لە کاتی گەڕانەوەی لە بەغداوە بۆ تارمییە، دوای تەماشاکردنی یاریی تۆپی پێی نێوان عێراق و سعودیە، لە رێگەی بۆمبێکی لکێندراوەوە کرایە ئامانج و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ