کۆمیسیۆن بۆ رووداو: پێشبینی دەکەین رێژەی بەشداریکردن 60٪ تێپەڕێنێت

18-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، پێشبینی دەکەن رێژەی بەشدارییکردن 60٪ تێپەڕێنێت.
 
حەسەن قەبەس، ئەندامی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاژێر 7:00ی بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان کراونەتەوە، تا ئێستا هیچ پێشکارییەک تۆمارنەکراوە لە رووی ئەمنی و تەکنیکی کارکردنی ئامێرەکانی دەنگدانەوە".
 
حەسەن قەبەس، جەخت لەوەدەکاتەوە، "ئامێرەکانی دەنگدان زۆر بەباشی کاردەکەن، هیچ کەموکوڕییەک تۆمارنەکراوە، پلانی ئەمنی زۆر بە باشی بەڕێودەچێت. دەنگدەران زۆر بە باشی دەگەنە ناوەندەکانی دەنگدان".
 
ئەندامەکەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە "تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن بە فەرمی رێژەی بەشداری لە دەنگدان بڵاونەکردووەتەوە، لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا رێژەی بەشداریی تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بڵاودەکاتەوە، بەڵام "پێشبینی دەکەین، تاوەکو داخستنی سندوقەکانی دەنگدان رێژەی بەشدارییکردن 60٪ تێپەڕێنێت".
 
هاوکات نیبراس ئەبو سۆدە، ئەندامی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ کۆمسیۆن روون بووەتەوە کە بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن لە بەیانیان زۆر نییە، بەڵام بۆ ئێوارەکەی ژمارەی دەنگدەران زیاد دەکات".
 
سەبارەت بە سکاڵا، ئەبو سۆدە گوتی، "تائێستا ئاماری سکاڵاکان بەردەست نییە، بەڵام شتێکی سروشتییە سکاڵا بکرێت، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن ژمارەی سکاڵان بڵاودەکرێنەوە". 
 
ئەمڕۆ کاژێر 07:00ـی بەیانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان دەستیپێکرد کە تا کاژێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێ؛  15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگادا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە