رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی خۆجێی ئەنبار رایگەیاند: دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی نەوتی بەسرە - حەدیسە کراوە، بەڵام پێویستی بە پەسندکردنی بودجەیەکە؛ ئەو هێڵە لە ئەنبارەوە دەبەسترێتەوە بە کەرکووک و دوو بەندەری سووریا.
موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێی ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی راکێشانی هێڵی نەوتی بەسرە - حەدیسە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە دەستپێکردووە کە راکێشانی بۆرییە، بەڵام دەستپێکەکەی لە بەسرەوەیە و هێشتا نەگەیشتووەتە ئەنبار.
پڕۆژەکە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و بۆرییەکی 1665 کیلۆمەترییە، دەچێتە شارۆچکەی حەدیسە لە ئەنبار و لەوێشەوە بۆریی دیکەی لێ دەبەسترێت بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئوردن، سووریا و تورکیا.
موئەیەد دلێمی رایگەیاند، بۆرییەکە لە دوای گەیشتنی بە حەدیسە لە ئەنبار دەبەسترێتەوە بە بۆریی هەناردەی نەوتی کەرکووک - جەیهان، هێڵێکی دیکەی لێ دەبەسترێت بۆ هەردوو بەندەری بانیاس و تەڕتووس لە سووریا، دواتریش بۆرییەکی دیکەی لێوە دەبرێت بۆ بەندەرى عەقەبە لە ئوردن.
لە 24ی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووى عێراق، دەستەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە - حەدیسە پێکهێنا و بڕیاردرا 1.5 ملیار دۆلار بۆ ئەم ساڵ بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان بکرێت.
موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی ئەنبار گوتی: "جێبەجێکردنی تەواوی پڕۆژەکە پێویستی بە پارەیەکە کە ئێستا بە تەواوی لە بەردەست نییە و دەبێت لە یاسای بودجەی گشتیی 2026 دابین بکرێت، کە بە تێکڕا پارەکەی دەگاتە پێنج ملیار دۆلار."
ئەو هەنگاوەی عێراق بۆ دەربازبوونە لەو قەیرانەى رووبەڕووبووی هەناردەی نەوتەکەی بووەتەوە، بەهۆی گرژییەکانی کەنداو و ئەستەمبوونی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە.
موئەیەد دلێمی دەڵێت: "ئەو پڕۆژەیە جیاوازە لەو هێڵەی پێشوو کە هەبووە و لە بەسرەوە راکێشراوە و هاوتەریبە؛ توانای گواستنەوەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ