رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی تانەکانی دژ بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن گەیشتوونەتە زیاتر لە 800 تانە، 103 سکاڵای سەوز و زەرد پێشکێش کراون و هەندێکیان لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2025، دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنی تانە دژی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 17ی تشرینی دووەم راگەیێنرا.
ئێوارەی 20ی تشرینی دووەم، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت:" تاوەکو ئێستا ژمارەی تانەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 800 تانە و نووسینگەکانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان بەردەوامن لە ناردنى ئەو تانانەی پێیان گەیشتووە."
کۆمیسیۆن هەفتەیەکی لەبەردەمە بۆ ئامادەکردنی راسپاردە لەسەر ئەو تانانەی پێشکێش دەکرێن کە دواتر ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنیان دەکات و ئەوانیش ماوەی 10 رۆژیان لە بەردەمە بۆ یەکلاییکردنەوەی تانەکان.
ئەو هەنگاوە قۆناخی پێش پەسندکردنی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنی 11ی تشرینی یەکەمی پەرلەمانی عێراقە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە.
جومانە غەلای رایگەیاند، لەبارەی هەڵبژاردنەوە 71 سکاڵای زەردیان پێگەیشتووە و لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست رەتکراونەتەوە، 32 سکاڵای دیکەی سەوزیش پێشکێش کراون و هەندێکیان رەتکراونەتەوە و هەندێکى دیکەشیان لە لێکۆڵینەوەدان.
سکاڵای زەرد ئەوانەن کە لەکاتی پێشکێشکردنیان بەڵگەدار نییە و دەخرێتە ئەو خانەیەوە و رەتدەکرێتەوە. سکاڵای سەوز ئەوانەیە کە پەیوەندیدارە بە پێشێلکاری فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن یان هێزی ئەمنی یان بانگەشەکردن لەو ماوەیەی کە بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێت، سکاڵای سوور ئەو جۆرەیە کە ئەگەر سەلمێنرا، کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ