مەشعان جبووری: پێشبینی دەکرێت حەلبووسی دەستگیر بکرێت و بخرێتە زیندان

21-11-2023
هێمن بابان رەحیم
مەشعان جبووری، سەرۆکی پارتی وەتەن
مەشعان جبووری، سەرۆکی پارتی وەتەن
نیشانەکردن مەشعان جبووری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی وەتەن بە رووداوی گوت "رەنگە حەلبووسی بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی بکرێت و پێشبینی دەکرێت دەستگیربکرێت و بخرێتە زیندانەوە.''
 
مەشعان جبووری، سەرۆکی پارتی وەتەن میوانی سەنگەر عەبدولرەحمان بوو لە بوڵتەنی نیوڕۆژی رووداو و لەبارەی چەند بابەتێک دوا لەوانەش محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پارتی تەقەدووم کە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیاری دوورخستنەوەی لە پەرلەمان درا.
 
مەشعان جبووری گوتی "حەلبووسی پارەی بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی داوە تاوەکو پشتگیری بکات و میدیاش زێدەڕۆییکردووە لە وێناکردنی.''
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکی پارتی وەتەن حەلبووسیی تۆمەتبار کرد بەوەی "لە بەرژەوەندی خۆی، خێزانەکەی و کەسە نزیکەکانی کاری دەکرد. دڵنیابووم لە دوورخستنەوەی و رەنگە بە تۆمەتی گەندەڵیش دادگایی بکرێت".
  
مەشعان جبووری ئاماژەی بەوە دا ''حەلبووسی رۆڵی ناڕاستەوخۆی هەبووە لە دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری، هەروەها رۆڵی راستەوخۆی لە دوورخستنەوەی رێبەر ئەحمەد هەبوو''، گوتیشی، "پارتیش ئاگاداری ئەو هەوڵانەی حەلبووسی بوو دژ بە هۆشیار زێباری و رێبەر ئەحمەد.''
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: بڕیارە رۆژی چوارشەممە سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی سوننەکانە هەڵبژێردرێت، دیارە کێ دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان؟
 
مەشعان جبووری: دڵنیایی نییە و کەس ناتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە کێ لە دەنگدان سەردەکەوێت، بابەتەکە ملکەچی ئیرادەی هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانیانە لە پەرلەمان، بەڵام ئەوەی روونە ئێستا بە لانیکەم چوار کەس هەن کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکەن، پێشبینی دەکەم، گێمی یەکەم سەرۆک هەڵنەبژێردرێت، چونکە کەس ناتوانێت نیوە کۆ یەکی دەنگەکان بەدەستد بهێنێت، بۆیە ئەنجوومەن دەچێتە گێمی دووەم و تێیدا دوو بەربژێر رکابەرایەتی دەکەن و کامیان زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، دەیباتەوە.
 
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا رێککەوتنی سیاسیی لەنێو ماڵی سوننە لەسەر ئەو پرسە نییە؟ بۆچی هەمیشە لە سوننەکاندا بەربژێرێک زیاتر هەیە، بۆچی لەسەر ناوێک رێکنەکەوتوون؟
 
مەشعان جبووری: بۆچی کوردەکان پێشتر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەسەر یەک بەربژێر رێککەوتوون؟ ئایا زۆرینەی جارەکان زیاتر لە بەربژێرێکیان نەبووە؟ قورسە رێککەوتنی تەواو لەنێوان هێزە سیاسییەکانی هەر پێکهاتەیەک چی کورد یان شیعە یان عەرەبی سوننە بێت بکرێت، لە رابردوودا نەریت وابوو پەرلەمانتارانی سوننە کۆببنەوە و لەنێوخۆیاندا هەڵبژاردن بکەن کێ زۆرترینی دەنگەکانی بەدەستهێنا، رۆژی دووەم خۆی وەکو بەربژێر پێشکێش دەکات و پێشکێشی هاوبەشانمانی لە نیشتمان دەکەین بۆ ئەوەی داوا لە نوێنەرەکانیان بکەن دەنگی پێبدەن، بەڵام لە هەموو جارێکیش بەربژێر هەبوون بەو جۆرە رێککەوتننانە رازی نەبوون و ئەنجامەکانی دەنگدانیان رەتکردووەتەوە، بۆیە لەکاتی دەنگدان خۆیان بەربژێرکردووە، ئەمجارە بەو جۆرە هەڵبژاردنە نەکراوە و سازان لەسەر هیچ کەسێک نەکراوە، بەڵام پێموایە ئەو دوو کەسەی لە گەڕی دووەم زۆرترین دەنگ دەهێنن هەوڵدەدەین رێککەوتن یان گرێبەستێکیان لەنێواندا بکەین، رەنگە. 
 
رووداو: پێشبینی دەکەیت ئەو دوو ناوە کێ و کێ بن؟
 
مەشعان جبووری: ئەگەر ئەمڕۆ هیچ پێشکەوتنی دراماتیکی روونەدات، بۆ نموونە کەسێک بۆ بەرژەوەندیی کەسێکی دیکە بکشێتەوە، پێشبینی دەکەم دوو لە سێ بەربژێرە کە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی و موسەننا سامەڕایی دەچنە گەڕی دووەمی دەنگدانەوە.
 
رووداو: ئەو بابەتە پەیوەندیی بە کورد و شیعەکانیشەوە هەیە، ئایا لەگەڵ کورد و لایەنەکانی شیعە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنەکانی دیکەی سوننە قسەکراوە؟
 
مەشعان جبووری: بەپێی زانیارییەکانم زۆرینەی بەربژێرەکان چوونەتە هەولێر و هەندێکیشیان بۆ سلێمانیش، هەر یەکێکیان هەوڵدەدات سۆزی کورد بۆ لای خۆی رابکێشێت، بەڵام پێموایە ئەو بەربژێرەی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی لەسەر دەدەن جیاوازە لەو بەربژێرەی پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نەوەی نوێ دەنگی بۆ دەدەن، پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانێتی جیاوازی لە هاوپەیمانێتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، بەڵام لەنێو ئەو سێ بەربژێرەی ئاماژەم بۆ کردن لەلایەن هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پشتیوانی دەکرێن کە ئەوانیش مەحموود مەشهەدانی و موسەننا سامەڕایین، هەریەک لەوان هەوڵی راکێشانی سۆزی کورد دەدەن، بەتایبەت هەریەک لەو دوو بەربژێرە لەلایەن بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پشتیوانی دەکرێن، سالم عیساوی کە بەربژێری هاوپەیمانێتی سەروەرییە، بە بڕوای خۆم لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت، ئەوەش بەهۆی سرووشتی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سەروەری و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، هەروەها لەلایەن هێزە مەدەنییەکانی وەکو پەرلەمانتارانی تشرینییەکان و رەنگە بەشێک لە پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش پشتیوانی دەکرێت."
 
رووداو: بۆ زۆر کەس ئەوەی بەسەر محەممەد حەلبووسیدا هات چاوەڕواننەکراو بوو، ئایا لابردنی محەمەمەد حەلبووسی بەو شێوەیە پێشبینیکراو بوو؟
 
مەشعان جبووری: وەکو چۆن دڵنیام ئێستا لەبەردەم کامێرای رووداو لەسەر ئەم کورسییە دانیشتووم، ئاواش دڵنیابووم محەممەد حەلبووسی دوور دەخرێتەوە، سرووشتی ئەدای محەممەد حەلبووسی و شێوازی و تێگەیشتنی بۆ پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق کە سێ جار لە پەرلەمان دوورخراوەوەتەوە، وەکو پێشتر گوتوومە و پێش مانگێک لە دوورخستنەوەی حەلبووسی گوتوومە ئەگەرێکی زۆر هەیە کە حەلبووسی بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری و تۆمەتی دیکە دادگەیی بکرێت، رەنگە بخرێتە زیندانەوە.
 
رووداو: تا ئەو رادەیە دەڕوات؟
 
مەشعان جبووری: بەڵێ، ناشاردرێتەوە کە حەلبووسی پەیوەندیی هەرێمی و دەرەکیی هەیە، لۆبیی بەکرێگیراوی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی خاوەن هەژموونی زۆر هەیە، هەروەها فراکسیۆنێکی پەرلەمانی هەیە کە گەورەترینە لەنێو فراکسیۆنە سونییەکان، هەروەها حیزب و پارەیەکی زۆری هەیە، رەنگە هەموو ئەو فاکتەرانە رێگربن لەبەردەم سەرکۆنەکردنی حەلبووسی و رەنگە یارمەتی بدات پەنا بباتە بەر دەرەوە، یان رەنگە وا بکات گووشار بخرێتە سەر حکومەت و دادگەکانی عێراق وا لە داواکاری گشتی دەکات داوای دادگایی حەلبووسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان نەکات، بەڵام ئەوە ئەگەرێکە و هەیە. 
 
رووداو: بەبڕوای ئێوە دۆسییەکەی محەممەد حەلبووسی یاساییە یان سیاسییە؟ تاچەند لەگەڵ ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت: لەدوای ساڵی 2003ەوە نابێت سەرکردەیەکی سیاسیی دیاری سوننە دەربکەوێت، تێڕوانینت لەگەڵ ئەو دەربڕینە چییە؟
 
مەشعان جبووری: پێموایە راگەیاندن لە وەسفکردن و وێناکردنی محەممەد حەلبووسی زێدەڕۆیی کردووە، بەلای منەوە ئەو هیچ سیمبولێتییەکی نییە، بەپێچەوانەوە هیچ خەسڵەتێکی تێدانییە لەو خەسڵەتانەی ئوسامە نوجێفی هەیبوو کە راستگۆیی و یەکلاییکەرەوە و بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی ئەو کەسانەی نوێنەرایەتیان دەکات، بەڕێز حەلبووسی ئەدایەکی پراگماتی هەبووە، پراگماتی نەوەک لەپێناو ئەو ئامانجانەی کە پەیوەندییان بە بەرژوەندیی گشتییەوە هەیە، یان بەرژوەندیی پێکهاتە، بەڵکو ئەو کاری بۆ بەرژەوەندیی خۆی و خێزان و نزیکەکانی دەکرد، هەروەها جیاکەرەوە بوو لە درۆکردن، رێزنەگرتن لە بەڵێن و پەیمان، پاشگەزبوونەوە لەو رێککەوتننانەی کردوونی، قەناعەتی کەسیم و زانیارییەکانم ئەوەیە رۆڵی هەبوو لە دوورخستنەوەی بەڕێز هۆشیار زێباری، رۆڵێکی شاراوەی هەبوو، رۆڵی راستەوخۆشی هەبوو لەوەی بەڕێز رێبەر ئەحمەد بە سەرۆککۆمار  هەڵنەبژێردرێت.
 
رووداو: چۆن؟ ئەو هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو؟ 
 
مەشعان جبووری: لە پرسی هەڵبژاردنی بەڕێز رێبەر ئەحمەد داوای لە هەندێک ئەندامانی پەرلەمان کرد ئامادەی دانێشتنەکان نەبن بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی ئامادەبوون لە دانیشتنەکان دروست نەبێت لە هەموو جارێک کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەرخانی دەکرد. لە پرسی بەڕێز هۆشیار زێباری، رەنگە ئەو هاندەری شاراوە بێت لە تۆمارکردنی سکاڵا و رەنگە پێشکێشکردنی بەڵگەنامەگەلێک کە یارمەتی داوە لە دوورخستنەوەی بەڕێز هۆشیار زێباری.
 
رووداو: ئایا پارتی بەوەی دەزانی؟
 
مەشعان جبووری: پێموایە ئاگاداربوون، چونکە ئەو هەڵوێستەی موقتەدا سەدر لە سەرەتاوە وەریگرت لە بەربژێرکردنی بەڕێز هۆشیار زێباری بەپێی زانیارییەکانم بەڕێز حەلبووسی رۆڵی هەبوو لە قایلکردن و پاڵنان بە بەڕێز موقتەدا سەدرەوە بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستە وەربگرێت، پێموایە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە دەزانێت، ئەوەش دەزانێت محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانە و وەکو دیکتاتۆرێک پەرلەمانی بەڕێوەدەبرد، وادەی دانیشتنەکان و کارنامەکەی بەو شێوەیە دادەنا کە دەیویست، پێشموایە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەبوو خۆی دووربگرێت لە کێشە لەگەڵیدا و نایەوێت بیکاتە دوژمن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر.

پەرلەمانى عێراق لیژنەیەک لەسەر ئاگرکەوتنەوەکەى قەیسەریی هەولێر پێکدەهێنێت

پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى بەدواداچوون و زانینى راستییەکان لەبارەى رووداوى ئاگرکەوتنەوەى بازاڕى قەیسەریی هەولێر پێکدەھێنێت. لیژنەکە بۆ ئەوەیە "بتواندرێت زیانلێکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە".