ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: لێبووردنی گشتی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

22-01-2025
شیراز رەئوف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی لە عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت لەبەر رۆشنایی بڕگەکانی ئەو یاسا نوێیەی عێراق، یاسایەک بۆ لێبووردنی گشتی دەربکات.
 
د. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی ژمارە 27ی ساڵی 2016، کە رۆژی سێشەممە 21-01-2025 ئەنجوومەنی نوێنەران پەسندی کرد، چەند جۆرێک تاوان ناگرێتەوە وەکو کوشتنی بە ئەنقەست، تیرۆر، بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "هەر لە هەموارەکەدا بڕگەیەک جێگیر کراوە، تاوەکو ئەو کەسانەی لێبووردنەکە نایانگرێتەوە داوابکەن لە رێگەی لیژنەیەکەوە دووبارە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی نوێ چاو بە سزاکەیاندا بخشێندرێتەوە."
 
"3 پرۆژەی هەستیار و یەک کۆبوونەوە"
 
رۆژی سێشەممە 21-01-2025، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و سێ پرۆژەیاسای هەستیار پەسند کران، کە پێکهاتبوون لە (پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی ژمارە 27ی ساڵی 2016، لەگەڵ پێشنیازی یاسای باری کەسێتیی ژمارە 188ی ساڵی 1959). هەریەک لەو پرۆژەیاسایانە لەلایەن پێکهاتەیەکی نێو ئەنجوومەنەکە پاڵپشتی دەکرا، فراکسیۆنە کوردستانییەکان پاڵپشتیی پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان دەکرد، سوننەکان لێبووردنی گشتی و شیعەکانیش یاسای باری کەسێتی.
 
 
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "لە کەرکووک بە یاسا و بە بڕیاری (ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعسی هەڵوەشاوە) زەویی کورد داگیرکراوە، هەربۆیە گەڕاندنەوەی زەوییەکان پێویستی بە یاسا بوو. کورد 20 ساڵە لە بەغدا کار لەسەر ئەم دۆسیە دەکات."
 
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، "هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس بۆ داگیرکردنی زەویی کورد و تورکمان، شێواندنی دیمۆگرافیای کەرکووک و بەشێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان؛ لەلایەک بەشێک لە رێککەوتن و مەرجی کورد بۆ پێکهێنان و بەشداریی حکومەتەکەی سوودانی و، لە لایەکی دیکەشەوە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، کە هەمووان پێکەوە تێکۆشان بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، وێڕای بەربەست و ئاستەنگییەکان."
 
دیلان غەفوور دەڵێت، بەشێک لە لایەنە سوننەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵی زۆریان بۆ رێگری لە پەسندکردنی هەمواری یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ داوە، تاوەکو ئاستی هەوڵدان بۆ تێکدانی دانیشتنەکە، "بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی سوننە کە دژی پەسند کردنی هەموارەکە بوون، خۆیان سوودمەندن لە بڕیارەکانی بەعس و داگیرکردنی زەوی و موڵک و ماڵی کورد و تورکمان لە کەرکووک و دەوروبەری."
 
هاوکات لەڕووی یاساییەوە، دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسندکردنی هەمواری یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی تەواو دەستووری و یاساییە.
 
"لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی ناڕەزایی هەبوو دژی هەموارەکە، پێشبینیش دەکرێت هەندێک لایەن لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا دژی هەموارەکە تۆمار بکەن، بەڵام لەڕووی دەستوورییەوە هیچ گرفتێکی نییە و تەنانەت لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە زۆرترین ئەندامی پەرلەمان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون بەراورد بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە چەند مانگی رابردوو،" ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق وای گوت.
 
سێکانیانی گوتیشی ئەوەشی خستەڕوو، جێبەجێکردنی یاسای گەڕانەوەی موڵک رێنوێنی و لیژنەی تایبەتی پێویستە، بەتایبەت کە یاساکە جۆری زەوییە داگیرکراوەکان و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵیان دەستنیشان کردووە، واتە زەوییەک ئەگەر بۆ خزمەتی گشتی بەکارهێندرابێت لەلایەن دامەزراوەیەکەوە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و زەوییەک ئەگەر بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکارهێندرابێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، دوای بڵاوبوونەوەی هەموارەکە لە رۆژنامەی فەرمیی حکومەتی عێراق پێویستە رێنوێنیی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی دەربکات و لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاساکە دەستنیشان بکات.
 
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار لە 2012ـەوە هەیە، هەر جارەی بە شێوازێك نێردراوە بۆ پەرلەمان. نێوەڕاستی ساڵی رابردوو نێردرایەوە پەرلەمان کە لەلایەن محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق پێشنیاز کرابوو.
 
لە پێشنیازەکەدا قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس هاتبوو، بەڵام نوێنەرانی کورد تێبینییان هەبوو و دەیانگوت، ئەو پڕۆژەیاسایە ئەو زەوییانەی لێ دەرهێندراوە کە خراوەتە سەر وەزارەتەکانی نەوت و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆیە لەلایەن لیژنەی یاسایی دەستکاری کرا، کە کورد سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە